وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و وەڵامی "کادرێکی یەکێتی" دەداتەوە سەبارەت بەوەی وتویەتی "چەکەکانی ئەمریکا لای وەزارەتی ناوخۆ شاراونەتەوە".
شەممە، ٢ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتوە "لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵ ٨، بێژەر و کادیرێکی حیزبی، گفتوگۆ لەبارەی چەکەکانی ئەمەریکا دەکەن و کادیرەکە باس لەوە دەکات گوایە ئەو چەکانە دراون بە وەزارەتی ناوخۆ و لە کۆگایەکی وەزارەت لەهەولێر دانراون. ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکاریین و هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورە لە راستی".
"دیارە ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شاردنەوەی ڕاستی بابەتەکە و بە باسکردنی زیاتر و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، چەواشەکاریی زیاتر بڵاو دەکەنەوە. بەڵام رۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت"، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.
وەزارەت ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردوە کە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن و وتویەتی "بۆیە وەزارەتی ناوخۆ، وەکوو مافی خۆی، سکاڵای یاسایی لە سەر کەناڵەکە و میوانەکەی تۆمار دەکات و پێویستە لەبەردەم دادگا، بەڵگە بۆ ئەو چەواشەکارییانە پێشکەش بکەن، ئەگینا دەبێ باجی بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڵبەستراو بدەن".
دوای ئەوەی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ باسی لەوەکرد کە "چەکیان ناردوە بۆ خۆیشاندەرانی ئێران و لایەنێکی کورد نەیگەیاندوە"، یەکێتی و پارتی لە رێگای میدیاکانیانەوە بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکتر بۆ "شاردنەوە و بردنی ئەو چەکانە".