میت: ئامادەکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامەکانی پەکەکە دەست پێدەکات

‌ئەرشێف- مەراسیمی سوتاندنی چەکدانانی کۆمەڵێک گەریلا ٢٠٢٥

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت)، ئیبراهیم کاڵن لە راپۆرتێکدا بۆ سەرکردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) وەردەکاری گەراندنەوەی گەریلاکانی پەکەکە دەخاتە ڕوو و جەخت دەکەنەوە "پێش هەموو هەنگاوێکی یاسایی، دەبێت چەکدانانەکە بە کردەیی پشتڕاست بکرێتەوە".

یەک شەممە، ٣ ئایار ٢٠٢٦، بە پێی راپۆرتێکی رۆژنامەی تورکیا ئەو کەسانەی دەیانەوێت "بگەڕێنەوە تورکیا، بەناو میکانیزمی دڵنیابوونەوە و پشتڕاستکردنەوەدا تێدەپەڕێنرێن. ئەم پێکهاتەیە لەلایەن بیرۆکراسییەتی ئەمنییەوە دادەمەزرێت و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ پشکنین و هەڵسەنگاندنی هەر کەسێک کە دەگەڕێتەوە، پێش ئەوەی هیچ رێکخستنێکی یاسایی بۆ بکرێت".

ئیبراهیم کاڵن باسی لەوەش کردووە کە چۆنیەتی وەرگرتنەوەی ئەندامانی پەکەکە، چارەنووسی چەکەکانیان و رێکارە یاساییەکان لە کاتی گەڕانەوەدا دیاریکراون.
 
لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالییەوە بانگەوازی ئاراستەی پەکەکە کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەک. لە ٥-٧ ئایاری ٢٠٢٥ دا پەکەکە کۆنگرەی ١٢ ـی خۆی بەست و تێیدا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.

 لە ٥ـی ئابی ٢٠٢٥ـەوە "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمان پێکهاتوە، کە کار لەسەر چوارچێوە یاساییەکانی پڕۆسەکە دەکات.




PM:02:35:03/05/2026