بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بە هەماهەنگی و ئاڵۆگۆڕی زانیاری ورد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵ توانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزاکانی چەمچەماڵ و شارەزوور و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین ٩ تیرۆریستی سەر بە گرووپی داعش دەستگیربکەن کە لە ڕابردوودا ڕۆڵی چالاکیان لەناو ئەو ڕێکخراوەدا هەبووە و هەڕەشە بوون بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
ئەم زنجیرە ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووە لە ماوەی نێوان ١ تا ٢٧ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٦ ئەنجامدراوە و دوای بەدواداچوونی ورد و دەستنیشانکردنی وردی شوێنی حەوانەوەی تیرۆریستان جێبەجێ کراوە کە تێیدا توانرا سەرجەم ئەندامانی ئەو گرووپە لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا ڕاپێچی بەردەم دادگا بکرێن و پلانەکانیان پووچەڵ بکرێتەوە.
لە ئێستادا سەرجەم دەستگیرکراوەکان بەپێی ماددەکانی دوو و چواری تیرۆر ڕاگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە تا ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر بگیریتەبەر و دانپێدانانەکانیان تۆمار بکرێت، ئەم ئۆپراسیۆنەش جارێکی دیکە ئاستی باڵای هەماهەنگی ئەمنی نێوان هەرێم و بەغدا نیشان دەدات بۆ پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی تێکدەرانە کە ئارامی هاووڵاتیان بکاتە ئامانج.