نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکلاکردنەوەی پشکی کورد لە کابینەی نوێ و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەچێتە بەغدا

بڕیارە سبەی دووشەممە ٤ی ئایار، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بەغدا بکات.

لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور کە مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکی لە هاوکێشە سیاسییەکەدا پارێزراو بێت.

ئەم سەردانە گرنگەی سەرۆکی هەرێم دوای ئەوە دێت کە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەشتێکی بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە هەولێر و سلێمانی کۆبووەوە.

سەرکردە سیاسییەکانی عێراق چاوەڕوانن ئەم گەڕە نوێیەی دانوستاندنەکان کۆتایی بەو کێشە مێژوویی و هەڵپەسێردراوانە بهێنێت کە لە نێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادان و ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆنکرێتی بۆ پرسە دارایی و کارگێڕییەکان تاوەکو حکومەتی داهاتوو بتوانێت لە کەشێکی سەقامگیردا دەستبەکار بێت و دوور بکەوێتەوە لەو قەیرانانەی کە لە ڕابردوودا بەربەستیان بۆ پەیوەندییەکانی هەردوولا دروست کردبوو.



PM:10:05:03/05/2026