کەشناسێکی کورد پێشبینی دەکات کە لە سبەینی بەیانییەوە خۆڵبارین کۆتایی دێت و تاوەباران دەستپێدەکات و جەخت لە نزم بوونوەی پلەکانی گەرما دەکاتەوە.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە کە لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکور لەسەر وڵاتانی ناوچەکە لە دوو رۆژی رابردووەوە شەپۆلێکی سەرما و بەفر بەشێکی زۆری بەرزایەکانی وڵاتی تورکیا و باشوری رۆژهەڵاتی ئەوروپای گرتەوە و هەروەها دروستبوونی گەردەلولی تۆڕنادۆی گەورە کە دوێنێ لەهەندێ ناوچەی باکوری کوردستان دروستبوو و زەرەر و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە ، لەناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە ناجێگیری لاواز لە کەش و هەوا دروستبوونی هەورە بروسکەی وشک و کەمباران و چالاکبوونی بای باشوری رۆژئاوا بەتایبەت لەسەر ناوچە بیابانەکانی رۆژئاوای عێراقەوە کە لەئەنجامدا شەپۆلێکی خۆڵبارینیش زۆربەی ناوچەکانی گرتەوە و کاریگەریەکانی بەگشتی تا شەو بەردەوامی ئەبێت و لە بەرەبەیانی سبەی سێشەمەوە کاریگەری خۆڵبارینەکە کەمدەبێتەوە و کۆتای پێدێت ".
ئاشکراشی دەکات کە سبەی بەگشتی کەش و هەوا لەزۆربەی ناوچەکان جێگیر ئەبێت تەنها لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەر هەیە لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە چەند تاوێک باران و هەورە بروسکە بەرێژەی جیاواز دروستببێت و لە ئێوارەدا بەتەواوی کۆتایی پێدێت ، پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی ٢ بۆ ٣ پلە نزمدەبنەوە کەش فێنکتر ئەبێت .
ئەو کەشناسە کوردە دەڵێت" لەرۆژی چوارشەمەوە کەشی ناوچەکە بەگشتی جێگیر ئەبێت و ئاسمان زۆربەی کات ساماڵ ئەبێت و کاریگەری ئەو بارستە هەوایەش لەسەر ناوچەکە بەردەوامی ئەبێت تا کۆتای ئەم هەفتەیە رۆژی هەینی لەو ماوەیەدا پلەکانی گەرما لەرۆژدا جێگیر ئەبێت و لەشەواندا زیاتر نزمدەبێتەوە و هەست بەسەرما دەکرێت بەتایبەت لە ناوچە شاخاویەکان".