نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوە ئێزیدییەکان، ئازادکردنی کچێکی ئێزیدی راگەیاند بە ناوی جەمیلا بابیر حاجەم دوای ١١ ساڵ لە رفاندنی لەلایەن داعشەوە.
دوو شەممە، ٤ ئایار ٢٠٢٦، بە پێی زانیارییەکان ئەو گەنجەی رزگارکراوە لە کاتی رفاندنیدا تەمەنی ٧ ساڵ بووە و لەگەڵ ٧ ئەندامی خێزانەکەی رفێندرابوو. هەموو ئەندامانی خێزانەکەی لە کاتەکانی پێشتردا رزگار کرابوون، تەنیا باوکی نەبێت تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوە ئێزیدییەکان، لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە ٣ ئابی ٢٠١٤، نزیکەی ٦ هەزار و ٤١٧ هاوڵاتیی ئێزیدی رفێندراون. لەو ژمارەیە تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار و ٥٩٦ کەسیان رزگار کراون و چارەنووسی زیاتر لە ٢ هەزار و ٥٥٠ کەسی دیکە هێشتا نادیارە.