سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی ئەمڕۆ گەیشتە بەغداد و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ حکومەتی داهاتوو، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، سەرۆکی رەوتی حیکمە ئەنجامدا.
دوو شەممە، ٤ ئایار ٢٠٢٦، بە پێی راگەیاندراوەکانی نوسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆی کۆبونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و شاندەکەی سەبارەت بە "، پرۆسەی سیاسیی وڵات و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵی تاوتوێ کراون".
لە بارەی کۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە راگەیاندراوی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە نێچیرڤان بارزانی "دەستخۆشیی لە هەوڵەکانی بەڕێز سوودانی کرد و جەخت لە گرنگیی بنیاتنان لەسەر ئەو لێكگهیشتنانه کرایەوە کە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارهسهركردنی كێشهكان بەدیهاتوون".
یەکێک لەو پرسانەی کە لە کۆی کۆبونەوەکانی سەرۆکی هەرێمدا گفتوگۆی لەبارەوە کراوە خێرا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بووە.
چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، کۆتایی بە سەرجەم رێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بهێنرێت و لایەنەکان لەسەر پۆستە کێشە لەسەرەکان بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.