قالیباف هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی نوێدا ڕایگەیاند'' هاوکێشەیەکی ستراتیژی نوێ لە گەرووی هورمز لە قۆناغی جێگیربووندایە و ئاسایشی کەشتیوانی و گواستنەوەی وزەی گەڕاندەوە بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست و سەپاندنی گەمارۆ لە لایەن واشنتن و هاوپەیمانەکانییەوە.''

محەمەد باقر قالیباف، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و وتی'' بەردەوامیی دۆخی ئێستا بۆ ئەمریکا جێگەی بەرگەگرتن نییە لە کاتێکدا تاران هێشتا بە تەواوی دەستی بە کارە سەربازییەکانی نەکردووە.'' و پێشبینی کرد لە کۆتاییدا هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ بێت

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە سوپای ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ ئۆپەراسیۆنی پڕۆژەی ئازادی لە گەرووی هورمز دەستپێکردووە و سێنتکۆمیش سەرپەرشتی هێزێکی گەورە دەکات کە لە زیاتر لە سەد فڕۆکەی جەنگی و پانزە هەزار سەرباز پێکهاتووە بە مەبەستی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان.

چاودێریکردنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە چەند هەفتەیەکە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپێنراوە، تاران ئەم هەنگاوانەی واشنتن بە پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست و هەوڵ بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە وەسف دەکات.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کردووە کە چەند وڵاتێکی بێلایەن داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردووە بۆ ڕزگارکردنی کەشتییە گیرخواردووەکانیان لە گەرووی هورمز بەڵام بەرپرسانی باڵای ئەمنی لە ناو پەرلەمانی ئێران بە توندی دژی هەر دەستوەردانێکی سەربازی ئەمریکا وەستاونەتەوە.




AM:10:50:05/05/2026