ئەمڕۆ، ١٦ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری زانکۆ، سەردەشت عوسماندا تێدەپەڕێت، کە لە ٤ی ئایاری ٢٠١٠ لەبەردەم زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر ڕفێندرا و دوای ٢٤ کاتژمێر تەرمە ئەشکەنجەدراوەکەی لە شاری مووسڵ دۆزرایەوە.
خانەوادەکەی لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا جەخت دەکەنەوە کە ئەم تاوانە وەک پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچەوانی دەسەڵاتی کوردییەوە دەمێنێتەوە و تیرۆرکردنی ئەو، پەیامێکی خوێناوی بوو بۆ بێدەنگکردنی هەموو دەنگە ئازادەکان.
خانەوادەی سەردەشت عوسمان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێش تیرۆرکردنی، سەردەشت لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە هەڕەشەکان ئاگادار کردبۆوە، بەڵام "سیستەمی ئەمنی" لەبری پاراستنی، ڕێگەی بۆ تیرۆرکردنی خۆش کرد. هەروەها ڕەخنەی توند لەو لیژنانە دەگرن کە بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێنران و دەڵێن "ئەو لیژنانە لەبری دۆزینەوەی بکوژان، بوونە کارگەی دروستکردنی درۆ و سیناریۆی بێبنەما بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتی سەردەشت و شاردنەوەی بکوژە ڕاستەقینەکان."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، خانەوادەی ئەم ڕۆژنامەنووسە دووپاتی دەکەنەوە کە دۆسییەی سەردەشت عوسمان بە کراوەیی دەمێنێتەوە و بە سیناریۆی کاتی کۆتایی نایەت. داوا دەکەن بکوژانی ڕاستەقینە و ئەوانەی فەرمانیانداوە، لە دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەندا -دوور لە سێبەری حیزب و بنەماڵە- دادگایی بکرێن و سزای یاسایی و مەدەنی بدرێن، چونکە بێ سزادانی بکوژان، تیرۆر و سەرکوتگەری لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی خانەوادەی شەهید سەردەشت عوسمان:
"١٦ ساڵ لە سەرکوتگەری بەردەوام
٥ـی ئایاری ٢٠٢٦، شانزە ساڵ بەسەر یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی دەسەڵاتی کوردی دژ بە ئازادیی ڕادەربڕین تێدەپەڕێت. شانزە ساڵ پێش ئێستا، لە نێو جەرگەی شاری هەولێردا، سەردەشت عوسمان تیرۆرکرا.
سەردەشت داوای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکرد و نەیویست وەک "کۆیلە” بژی و بنوسێت. بە سەربەرزی و لە سەنگەری بەرگریی لە خەڵک و مافەکانی خەڵک، لە سەنگەری وەستانەوە دژی گەندەڵکاران و سەرکوتگەران گیانی بەختکرد.
چیرۆکی ڕفاندنێک لە سێبەری پۆلیسدا
سەردەشت عوسمان (١٩٨٧-٢٠١٠)، ئەو گەنجە ٢٣ ساڵەی خوێندکاری زانکۆ بوو، لە ٤ـی ئایاری ٢٠١٠ـدا، لە بەردەم کۆلێژی ئاداب و لەبەرچاوی هێزە ئەمنییەکان، بە زۆری چەک ڕفێندرا. ئەو پێشتر لە وتاری "یەکەمین زەنگی کوشتنم لێدرا!”ـدا باسی لە هەڕەشەکان کردبوو و ڕاگری کۆلیژەکەی و بەڕێوەبەری ئەو کاتەی پۆلیسی هەولێری لە هەڕەشەکان ئاگادار کردبووەوە. بەڵام "سیستەمی ئەمنی” لە بری پاراستنی، ڕێگەی بۆ ڕفاندن و تیرۆرکردنی تەخت کرد.
ڕاگری کۆلێژەکەی ئەو کات نابەرپرسیارانە لە وەڵامی سەردەشتدا وتویەتی ئەمە پەیوەندی بە ئەوەوە نییە و بەڕێوەبەری ئەوکاتی پۆلیسی هەولێریش دڵنیایی فریودەرانە بە سەردەشت دەدات کە هەولێر ئارامە.
دوای ٢٤ کاتژمێر، لە (٥-٥-٢٠١٠) تەرمە ئەشکەنجەدراوەکەی لە مووسڵ دۆزرایەوە. ئەو فیشەکەی نرا بە نێو دەمیەوە، تەنها کوشتنی سەردەشت نەبوو، بەڵکو پەیامێکی خوێناوی بوو بۆ هەموو دەنگە ئازادەکان: "یان بێدەنگی، یان گوللە!”
تیرۆری حەقیقەت لە ڕێگەی "سیناریۆسازی”ـیەوە
دۆسییەی سەردەشت تەنها تیرۆری جەستە نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی سیستەماتیک بوو بۆ تیرۆری کەسایەتیشی. ئەو لیژنە و دادگایانەی کە پێکهێنران، لەبری دۆزینەوەی بکوژان، بوونە کارگەی دروستکردنی درۆ و چەواشەکاری. نەک هەر هەوڵیان دا ناسنامەی "ڕۆژنامەنووسی” لێ بستێننەوە تا قورسایی تاوانەکە کەم بکەنەوە، بەڵکو تۆمەتێکی قێزەوێنی ئەوتۆیان بۆ داتاشی کە خۆی ئاشکراترین بەڵگە بوو لەسەر ئەوەی دەسەڵات لە پشتی تیرۆرکرەکەیەوە وەستاوە. ئەو سیناریۆ "قەرەقۆشی”ـیانەی بۆ تۆمەتبارە دروستکراوەکانیش داڕێژران، هێندە لاواز بوون کە تەنانەت لە نێو هۆڵی دادگای خۆشیان شکستیان هێنا.
تەلارە بەرزەکان و ویژدانە نزمەکان
دەسەڵاتدارانی کوردستان شانازی بە پانیی شەقام و بەرزیی تەلاری شارەکان دەکەن. بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە هیچ ئاسن و چیمەنتۆیەک ناتوانێت گەندەڵی، تاڵانکاری و خوێنی ڕژاوی دەنگە ئازادەکان بشارێتەوە. شارێک کە تێیدا بکوژانی ئەنفال لە سایەی پارێزبەندیی دەسەڵاتدا، لەنێو دڵی شارەکانی کوردستاندا بە ئارامی بژین، بەڵام سۆران، سەردەشت، کاوە و وەدات و دەنگە ئازادەکان… تیرۆر بکرێن، شارێکی بێ ڕۆح و مەملەکەتی بێ ویژدانییە. ئەم تەلارە بەرزانە کە لەسەر گەندەڵی، چەوساندنەوە، ستەم و سەرکوت هەڵچنراوە ناتوانن ئۆقیانوسێک لە تاوان پاساو بدەن و بیشارنەوە.
وێنەیەک کە ناتوانرێت بکوژرێت
ئێستا سەیری دایک و باوک و خانەوادەی سەردەشت، کاوە، سۆران و وەدات و ئەوانیتر بکەن. ١٦ ساڵە خەریکی گێڕانەوەی چیرۆکی غەدرێکی گەورەن. ١٦ ساڵە مێژووی تاوانێکی گەورە دەرحەق بە گەنجە ٢٣ ساڵییەکەیان بۆ کۆمەڵگە دەگێرنەوە. سەرباری ئەوەی دەسەڵات بە هەموو شێوەیەک هەوڵی تەسلیم بوون و بێدەنگکردنیان دەدات، بەڵام ئەوان وەک کێو ڕاوەستاون. بەرگەی هەموو زەخت و زۆر و هەڕەشە و چاوسورکردنەکان دەگرن، بەڵام دەستبەرداری خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ڕۆڵەکانیان نەبوون و نابن.
دەسەڵات دەیەوێت ناوەڕۆکی ستەمکارانەی خۆی لە ژێر پەردەی "کوردایەتی”ـدا بشارێتەوە، ئەم چەمکە هەمیشە ئامرازێک بووە بۆ فریودان. ئەحزاب و دەسەڵاتێک لە ژێر چەتری "کوردایەتی”ـدا هەمان کارنامەی ڕژێمە شۆڤێنییەکان دووبارە دەکەنەوە. ڕۆژنامەوان و چالاکوان تیرۆر دەکەن یا بە یاسای چەواشەکارانە دەیانخاتە زیندان. ئیتر ئەم چەمکە کە کردویانە بە وێردی سەرزمان، ناتوانێت پاساو بێت بۆ تیرۆر، کوشتن و سەرکوتی هاوڵاتییانی کۆمەڵگەی کوردستان و سەرجەم کارنامەی ئەم دەسەڵاتە. ناتوانێت ببێت بە شووناسی هاوڵاتیبوون. ناتوانێت ببێ بە ڕووپۆشیک بۆ شاردنەوەی گەندەڵی، ستەم، زوڵم و زۆرداری و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک.
ئەگەر دەسەڵاتێک نەتوانێت سەلامەتی خەڵک بپارێزێت، ئەگەر نەتوانێت دادوەری جێبەجێ بکات، ئەگەر نەتوانێت تاوانباران ڕووبەرووی سزا بکاتەوە، ئەوا هەموو بانگەشەکانی لەسەر شەرعەیەتی یاسایی و شۆڕشگێری بە "کوردایەتییەکەشییەوە” تەنها وشەگەلی بێبنەمان. دەسەڵاتێک کە نەک هەر هیچ یەک لەمانە نەکات، بەڵکو خۆی بە شێوەی سیستەماتیک پێچەوانەکەی دەکات، ئیتر تەنانەت چەترەکەشی بێبنەما دەمێنێتەوە.
داواکارییە بنەڕەتییەکانی ئێمە لە ١٦ـیەمین ساڵیاددا
لەم شانزەیەمین ساڵیادەی تیرۆری سەردەشتدا دیسان ڕایدەگەیەنین کە دۆسییەی سەردەشت عوسمان دانەخراوە و کراوەیە، بە سیناریۆی ڕیسوا کۆتایی نایەت. بۆیە دیسان پێداگری دەکەین لەسەر:
١- دادگاییکردنی بکوژانی ڕاستەقینە و ئەوانەی فەرمانیان داوە، هەروەها ئەوانەی دەیانویست بە هەڕەشە و سیناریۆسازی دۆسییەکە تێیپەڕێنن.
٢- سزای یاسایی و مەدەنی بکوژان دەبێت لە دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەندا بێت، نەک لەژێر سێبەری دەسەڵاتی بنەماڵەیی و حیزبیدا.
دەسەڵاتی کوردی پێی وابوو بە تیرۆرکردنی سەردەشت، وشە کۆتایی دێت. بەڵام دوای ١٦ ساڵ، سەردەشت و قوربانییانی ئازادیی ڕادەربرین بوون بە ناسنامەی ئازادیخوازی. دادگایینەکردنی بکوژانی سەردەشت، واتە بەردەوامیی تیرۆر. ڕاوەستانی ئێمەش لەسەر ئەم دۆسییەیە، گەڕانەوەی شکۆیە بۆ هاوڵاتییانی کوردستان.
بەرز و بەرێز بێت یادی سەردەشت و هاوڕێیانی
بەرز و بەڕێز بێت یادی هەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ژیان و دادپەروەریی و ئازادیدا گیانیان بەخشی”