چەند رۆژێکە ڕێڕەوی ئاوی قلیاسان لە سلێمانی گۆڕدراوەو ئاوەکەی وشكکراوە بەمەبەستی دروستکردنی کۆرنیش لە لێواری چەمەکە، ساڵی پار وەک ناڕەزایەتیەک بەرامبەر ئەم هەنگاوەی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی، دەستەی داکۆیکردن لەسروشت و موڵکی سلێمانی داوایەکیان ئاراستەی داواکاری گشتی سلێمانی کردو داوایانکرد ئەم پرۆژەیە رابگیرێت چونکە زەرەو لە ناوچەی گەشتیاری سەرچنار و سروشتەکەی دەدات.
پرۆژەی ئەو کۆرنیشە کە ئێستا دەستیپێکردووە دەکەوێتە زۆنی سێ سەرچنارەوەو کۆمپانیای ( پاد هۆڵیدەی ) جێبەجێی دەکات و خاوەنەکەی ناسراوە بە ( عەلی کەلاری )، جگە لەم پرۆژەیە چەند پرۆژەیەکی تریشی لە سەرچنار پێدراوە.
چەمی قلیسان یەکێکە لە چەمە ناسراوەکانی شاری سلێمانی و بە چەندین گەڕەکدا تێدەپەڕێت (قلیسان، ڕاپەڕین، بەکرەجۆ، و ناوچەکانی دەوروبەری زانکۆی سلێمانی)، لە کۆتاییدا ئاوەکەی دەڕژێتە ناو چەمی تانجەرۆ.
لە ڕابردوودا، چەمی قلیسان یەکێک بوو لە شوێنە گەشتیارییە جوانەکانی سلێمانی، ئاوەکەی زۆر پاک بوو و بۆ باخ و کشتوکاڵی ناوچەکە سوودی لێ دەبینرا. خەڵکی سلێمانی بۆ سەیران و کات بەسەربردن ڕوویان لە کەنارەکانی دەکرد.
لە ئێستادا چەمی قلیسان ڕووبەڕووی چەندین کێشەی ژینگەیی بووەتەوە، لەوانە لە باشور چەمەکە ئاوەڕۆی چەند گەڕەکێکی سلێمانی دەڕژێتە ناو ئەم چەمە، ئەمەش وای کردووە ئاوەکەی پیس ببێت.
ساڵانی پێشوو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوەو ئەو پرۆژەنیشتەجێبوونانەی لەنزیک سەرچاوەی ئاوەکەی کراوە، بەرێژەیەکی بەرچاو ئاوەکەی کەمیکردووەو ساڵی پار لە هاویندا بە تەواوی وشکی کرد، بەڵام ئەم ساڵ هێندەی رووبارێک ئاوی پێدا تێدەپەڕێت.
حکومەتی خۆجێی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان چەندین جار باسیان لە پڕۆژەی ستراتیژی کردووە بۆ، پاککردنەوەی چەمەکەو دروستکردنی سندوقی ئاوەڕۆ بۆ ئەوەی ئاوی پیس تێکەڵ بە ئاوی چەمەکە نەبێت.
هەروەها بڕیار دراوە بە دروستکردنی پەرژین و گۆڕینی کەنارەکانی چەمەکە بۆ پارکی گشتی و ناوچەی سەوزایی.
چەمی قلیسان دەکرا ببێتە (سی)یەکی تری شاری سلێمانی ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی پاک بکرێتەوە و بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و سەوزایی.
لە کاتێکدا ئەم پرۆژەیە دەکرێت، چاوێکی تری دەسەڵاتی خۆجێی سلێمانی و کۆمپانیا نزیکەکانی یەکێتی لەسەر دابەشکردنی هەر پێنج زۆنگەکەی سەرچنارە بەسەر ئەو کۆماپنایانەداو کردیان بە پرۆژی نیشتەچێبوون و بازرگانی و کەمترینی بۆ گەشتیاری.