وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کە بە ناوی لەزگەی دژە ڕۆژ لەزگەی جام رەش بەکارنەهێنن.
سێ شەممە، ٥ ئایار ٢٠٢٦، عەقید هێمن ئەمین، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند "هیچ لەزگەیەک نیە بە ناوی لەزگەی دژە رۆژ، ئەویش لەزگەی جام رەشە، بەڵام رێژەی تاریکی کەمترە، جامی ئۆتۆمبێل لە بنەڕەتەوە رێژەیەک لە تاریکی تێدایە، ئەمەش بەگوێرەی ئۆتۆمبێل دەگۆڕدرێت، ئۆتۆمبێل هەیە ٪٢٠ جامەکانی تاریکە، هەیە ٪١٥ تاریکە هەیە لە ٪٢٥ تاریکە، کاتێک ئەو لەزگە بەناوی دژە رۆژ لێدەدرێت، ئەویش ریژەی لە ٪١٠ بۆ ٪١٥ تاریکی تێدایە، رێژەی تاریکی جامی ئۆتۆمبێل زیاد دەبێت، بۆیە ئێمەش حسابی جام رەشی بۆ دەکەین".
وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیەکە وتوشیەتی "هەر ئۆتۆمبێلێک ئەو جۆرە لەزگەیە لە جامەکەی بدات و موافەقەی هاتووچۆی نەبێت، ئەوا بە جام رەش هەژمار دەکرێت و سزادەدرێت و هیچ جیاوازیەکی نابی لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلەی کە رێژەی تاریکی جامەکانی لە ٪١٠٠".
عەقید هێمن ئەمین لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە "نابێت شۆفێران بۆ گەرمای هاوین بەبێ رەزامەندی هاتوچۆ ئەم لەزگەیە لە ئۆتۆمبێلەکەی بدات، ئەگەرنا سزادەدرێ و پارەیەکی زۆری بۆ دێتەوە".
بەپێی یاساکانی هاتوچۆ تاریککردنی جامی ئۆتۆمبێل پێویستی بە مۆلەتی فەرمی بەڕیوبەرایەتی پارێزگاکان هەیە و بۆ هەر ڕێژەیەکیش ساڵانە شۆفێر دەبێت بڕێک پارە بدات.