سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، هاوژین عوسمان سەبارەت بە دامەزراندنی ٢٣ پەرستار لە دهۆک "بە نهێنی" کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
سێ شەممە، ٥ ئایار ٢٠٢٦، هاوژین عوسمان رایگەیاند "لەکاتێکدا هەموو ناوچەکان کێشەی کەمی کارمەندی تەندروستیان هەیە، ئەوەش ئێمەی نیگەرانکردووە کە جیاوازی ناوچەگەرایەتی لە دامەزراندن دەکرێت، هەروەها دەرچووی زانکۆی ناحکومی دامەزراوە ئەوەش ناڕەواییە بەرامبەر بە دەرچووانی حکومی کە منداڵی هەژاری تێدایە، ئەوەی ڕوویداوە قۆرغکارییە لەناو حکومەت کراوە، ئەو دامەزراندنە بەدزی دادەنێن کە لە خەڵکی کراوە".
"داوا لە وەزارەتی تەندرووستی و ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، کە ڕونکردنەوە بدەن لەسەر دامەزراندنی ئەو کەسانەی، کە لە دهۆک دامەزراون، کە ژمارەیان ٢٣ کەسە و دەرچووی ئەم ساڵن لە بەشی پەرستاری زانکۆی ئەمریکی دهۆک"، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی وا دەڵێت.
هاوژین عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد "کەموکورتی زۆر لە نەخۆشخانەکاندا هەیە، کێشەی کەمی پەرستار و کارمەندی تەندروستی هەیە، بە جۆرێک لە هەندێک شوێن کەمی کارمەندی تەندروستی گەشتووەتە ٧٠٪ واتە نەخۆشخانە هەیە بە ڕێژەی ٣٠٪ میلاکی هەیە ئەوەش ڕێژەیەکی کەمە بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان".
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی وتیشێ "بەش هەیە لە نەخۆشخانەکان یەک مووچەخۆری حکومەتی تێدا نییە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشخانەکان نەتوانن وەک خۆی خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بکەن، ئەمە لەکاتێکدایە لە ڕۆژانی ڕابردوو دامەزراندن بە نهێنی لە پارێزگای دهۆک کراوە".
ئەمە لە کاتێکداکەیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە هەرێمی کوردستان دامەزراندن وەستاوە.