پۆلیسی تورکیا هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی یاریزانێکی سەنیگالی، چونکە ئاڵای وڵاتەکەی لە هی پەکەکە دەچێت

‌مبایێ دیاگنێ، هێرشبەری سەنیگالیی یانەی ئامەدسپۆر لە کۆتا یاری خولی پەلەیەکدا بە ئاڵای وڵاتەکەیەوە

مبایێ دیاگنێ، هێرشبەری سەنیگالیی یانەی ئامەدسپۆر و گۆڵکاری خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیا، دوای سەرکەوتنی یانەکەی بۆ خولی نایاب پۆلیسی تورکیا هێرشی کردە سەر ماڵەکەی.

سێ شەممە، ٥ ئایار ٢٠٢٦، مبایێ دیاگنێ، دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی لە ئامەد، ئاڵایەکی گەورەی سەنیگالی لە باڵکۆنەکەی هەڵواسیوە، بە هۆی ئەوەی ئاڵاکە وەک ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بیندراوە پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەی، دوای دڵنیابوونەوە لەوەی ئاڵای وڵاتی سەنیگالە، ئنجا ماڵەکەیان چۆڵکردوە.

مبایێ دیاگنێ، هێرشبەری یانەی ئامەدسپۆرە و خەڵکی سەنیگالە، لەدایکبووی ١٩٩١ــە، ئەم ساڵ بە تۆمارکردنی ٢٩ گۆڵ،  گۆڵکاری خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیایە . پێشتر لە یانەکانی قاسم پاشا، گاڵاتاسارای و کاراگومروگ یاری کردووە.

ئامەدسپۆر لە دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیادا رۆژی ٢ ئایار ٢٠٢٦، لەگەڵ یانەی ئیدر بە ٣ گۆڵ بۆ هەر لایەکیان یەکسان بوون، بەو یەکسانبوونەی لەگەڵ ئیدرسپۆر، کۆی خاڵەکانی گەیاندە ٧٤ خاڵ. دوای ٣٨ ساڵ بۆ یەکەم جارتوانی بگاتە خولی نایاب (سوپەرلیگ)ی تورکیا.




PM:05:29:05/05/2026