باخچەلی پێگەیەکی فەرمی بۆ ئۆجەلان پێشنیاز ده‌كات

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پێشنیازی پێگەی فەرمی بۆ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، سه‌رۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) ده‌كات لە پڕۆسەی سیاسیدا و ده‌ڵێت، "پێشنیاز دەکەم کە ناوی بنرێت ڕێکخەری پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن".

دەوڵەت باخچەلی، سەرکردەی ناسیۆنالیستەکان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌میانی وتارێكدا پێشنیازی کرد کە رۆڵێکی فەرمی بدرێت بە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە وەک "ڕێکخەری پرۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن" وەک بەشێک لە دەستپێشخەریی "توركیای بێ تیرۆر".

باخچەلی له‌ په‌یامێكدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی خۆی (مەهەپە) لە پەرلەمان وتی، "ئەگەر مەسەلەی ستاتۆ بۆ عەبدوڵا ئۆجه‌لان هەبێت، پێویستە بە شێوەیەک چارەسەر بکرێت کە خزمەت بە پڕۆسەی تورکیەی بێ تیرۆر بکات، من پێشنیاز دەکەم کە ناوی بنرێت ڕێکخەری پڕۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەتوانرێت پێشنیازی جێگرەوەش لەبەرچاو بگیرێت. ئامانجمان ئەوەیە سەرکردایەتی دامەزرێنەری په‌كه‌كه‌ لەژێر ئەم پێناسەیەدا خزمەت بکات".

باخچەلی وتی، ڕونکردنەوەی دۆخی ئۆجالان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی کاریگەر کاربکات، "ناتوانرێت پڕۆسەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت بە وا پیشاندانی ئەوەی کە ئەم بابەتە بونی نییە، ڕێکخستنە سیاسی و یاساییەکان هەنگاوی داهاتو دەبن".

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (ده‌م پارتی) چەندین جار داوای گۆڕانکاری لە پێگەی ئۆجەلان دەکات، پارتەکە داوای دەستنیشانکردنی وەک "سەرۆکی دانوستانکار" کردوە، بەو پێیەی کە ڕۆڵێکی لەو شێوەیە دەبێت ڕێگەی پێبدات لەگەڵ کۆمەڵێک لایه‌نی بەرفراوان کۆببێتەوە.

تونجه‌ر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی پێشنیازەکەی باخچەلی بە "مێژویی" وەسف کرد و پشتگیری خۆی دەربڕی.

باکرهان رونیكرده‌وه‌، "بێبەشکردنی دەرفەتی کارکردن و دیدار و پەیوەندیکردن لە وتوێژکار لە پڕۆسەیەکی وەها سەختدا ناتوانرێت بە هۆکاری سیاسی ڕون بکرێتەوە".

ئەو هەڵمەتە دوای هات كه‌ لە مانگی ئایاری ساڵی رابردودا پەکەکە ڕایگەیاند، کۆتایی بە چالاکییە چەکدارییەکان هێناوە و هەیکەلی ڕێکخراوەیی خۆی هەڵوەشاندوەتەوە، ئەو هەڵمەتە پەرەی سەند، دوای دو مانگ، ڕێوڕەسمێکی ڕەمزی بەڕێوەچوو کە لەو ماوەیەدا بە ئاشکرا چەک سوتێنرا.





PM:10:56:05/05/2026