بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٨ پلە سنووری کەلاری هەژاند

بە پێی هەواڵی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، شەوی رابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤.٨ پلە لە سنووری کەلار روویداوە و لە چەند ناوچەیەک هەستی پێکراوە.

دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی ئایاری ٢٠٢٦ راگەیاند، "بوومەلەرزەکە کاژێر ١١:٥٣ خولەکی شەوی رابردوو لە سنووری کەلار لە پارێزگای سلێمانی روویداوە و چەقی بوومەلەرزەکە ١٥ کیلۆمەتر لە باکووری شاری کەلار دوور بووە و گوڕەکەی ٤.٨ پلە بووە بە پێوەری رێختەر.

لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی ناوەندی بوومەلەرزەزانی دامەزراوەی زانکۆی تاران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥ پلەی رێختەر ناوەندی کرماشان و شارەکانی گەیلانغەرب تا سەرپێلی زەهاوی هەژاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.

یەکشەممەی رابردوو دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق راپۆرتی مانگی نیسانی تایبەت بە بوومەلەرزەی لە عێراق و باشووری کوردستان بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو مانگەدا ٣٦ بوومەلەرزە تۆمارکراون کە ١٦یان سەرچاوەکەیان لە باشووری کوردستان و عێراق بووە و ٢٠ەکەى دیکەیان سەرچاوەکەیان وڵاتانی دراوسێ بووە و لە عێراق و باشووری کوردستان هەستیان پێکراوە.

پارێزگای سلێمانی زۆرترین بوومەلەرزەی تێدا تۆمارکراوە کە هەشت دانە بوون. نەینەوا لە پلەی دووەم هاتووە کە سێ بوومەلەرزەی تێدا تۆمارکراوە کە لە قەزاکانی تەلەعفەر، شێخان و شاری موسڵ بوون. لە هەریەک لە دهۆک و هەولێر دوو بوومەلەرزە تۆمارکراوە؛ لە قەزای خانەقینیش لە پارێزگای دیالە یەک بوومەلەرزە تۆمارکراوە.

زۆرینەی ئەو بوومەلەرزانەی کە سەرچاوەکانیان لە دەرەوەی عێراق بووە، لە ئێران بووە کە ١٠ بوومەلەرزە بوون.




AM:09:08:06/05/2026