سبەی پێنج شەممە دادگاییکردنی عەجاج لە دادگای باڵای تاوانەکان لە بەغداد بەڕێوە دەچێت، پارێزەری دۆسیەی دادگاییکردنی عەجاج، ئەیاد کاکەیی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "دەستەیەکی دادوەری کە لە ٥ دادوەر و ٣ داواکاری گشتی و ٢ پارێزەر پێکدێن، ئامادەدەبن و ٢٢٣ سکاڵاش بۆ دۆسیەکە وەرگیراوە".
چوار شەممە، ٦ ئایار ٢٠٢٦، ئەیاد کاکەیی رایگەیاند " عەجاجی بەڕێوەبەری زیندانی نوگرەسەلمان، دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، کە خۆی لە ئەشکەنجەدان و برسیکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و چەندین تاوانی دیکە دەبینێتەوە، وردبینی تەواوەتی لە دۆسیەی عەجاجدا کراوە و دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، ئەوەش وایکردووە کارێکی وا نەمێنێتەوە بۆ دادگا و تەنیا گوێ لە وتەی چەند سکاڵاکارێک دەگیرێت".
لە بارەی بانگێشتکردنی نوێنەری قوربانییان لە چەمچەماڵ و دووبز و گەرمیان و کۆیە و هەڵەبجە بۆ دانیشتنی دادگاییکردنەکە، پارێزەری دۆسیەی دادگاییکردنی عەجاج وتی "گرنگە نوێنەری قوربانییان ئامادەبن لە دانیشتنەکە".
٣١ تەمموزی ٢٠٢٥، دەزگای هەواڵگریی عێراق دەستگیرکردنی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد حەردان، کە بە عەجاجەکەی نوگرەسەلمان ناسراوە ڕاگەیاند، بە وتەی ڕزگاربووانی جینۆسایدی ئەنفال، "عەجاج دەستی لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی ئەنفالکراوانی قەڵای نوگرەسەلماندا هەبووو".