ئەمڕۆ هاوڵاتیانی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان دژی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناوی شارەکەیان و گوندەکانی دەوروبەری بۆ عەرەبی گردبوونەوە.
چوار شەممە، ٥ ئایار ٢٠٢٦، گردبوونەوەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد بەڕێوە چوو کە تیایدا راگەیاندراوێک خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە "ناوی کۆبانێ ناسنامەیەکی کەلتوریی و زمانەوانییە، هێمایەکی مێژویی بەرخۆدان و قوربانیدانی گەورەی خەڵکی ئەم شارەیە، کە بۆ پاراستنی کەرامەت و بوونی خۆیان هەزاران شەهیدیان داوە، هەر هەوڵێک بۆ سڕینەوە یان گۆڕینی ئەم ناوە، هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەم ناسنامەیە و قبووڵ ناکرێت".
لە راگەیاندراوەکەدا دوا لە لە "ڕای گشتی و سەرجەم هێزە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان" دەکرێت کە "بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەکانیان جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی دەنگی خەڵکی کۆبانێ ببیسترێت و ماف و ناسنامەیان بپارێزرێت".
دوای گردبوونەوەکە شاندێکی بەشداربوو سەردانی سەرۆکی شارەوانی کۆبانێیانکرد و پێیان راگەیاندوە "پێویستە خەڵکی کۆبانێ بە زمان و ناسنامەی خۆیانەوە بژین و کەرامەتی گەلی کۆبانێ بە زمانی کوردی بپارێزرێت، هەوڵەکانی گۆڕینی ناوی شاری کۆبانێ و گوندەکانی ڕابگیرێن".
بە پێی زانیارییەکانی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان سەرۆکی شارەوانیی کۆبانێ، ئەڵماز ڕۆمی بە شاندەکەی وتوە "پاڵپشتیان دەکات و بەڵێنی دا، ئەم بەیاننامەیەی گەل ڕادەستی حکومەتی کاتی سوریا بکات".