بڕیاربوو ئەمڕۆ داهاتی نانەوتی هەرێم رەوانەی بەغداد بکرێت، بەڵام بە پێی زانیارییەکان تا ئێستا نە نێردراوە، بەهۆی ئەوەی وەزیری دارایی عێراق بڕی ٤٨ ملیار دینار قبوڵ ناکات و داوای زیادکردنی کردوە و تا ئێستاش چارەنووسی مووچەی مانگی ٤ دیارنییە.
چوار شەممە، ٦ ئایار ٢٠٢٦، بەرپرسێکی "باڵای"وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە میدیای یەکێتی راگەیاندوە "یەک شەممەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی نووسراوێکی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کە تێیدا داهات و خەرجییەکان لەسەر بنەمای تەرازووی پێداچوونەوە ڕەوانە کراوە و داهاتی نانەوتیش ٤٨ ملیار دینار و چەند سەد ملیۆنێک بووە، بەڵام تەیف سامی ئەوەی ڕەتکردووەتەوە ئەو بڕە پارەیە وەک داهاتی نانەوتیی بۆ مانگی نیسان وەربگرن و داوای کردووە وەزارەتی دارایی نووسراوەکە بگۆڕێت و بڕی داهاتی نانەوتیی بۆ بەغداد زیاد بکات".
"بڕیارە پارەکە بۆ سەرووی ٥٥ ملیار دینار زیادبکرێت و ئەگەر تا پێنج شەممە ڕێکارەکان تەواو بکرێن ئەوا داهاتی نانەوتی، پێش کاتژمێر ١٢:٠٠ ـی نیوەڕۆ دەخرێتە سەر هەژماری دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی"، بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.
پارێزگای سلێمانی ٪٣٨ و پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش ٪٦٢ ـی داهاتی نانەوتی دابین دەکەن.