بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، عەلی حەمەساڵح، سەبارەت بە کۆبونەوەی لایەنە کوردیەکان جگە لە پارتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت "بڕیاربوو سەرجەم حیزبەکانی هەرێم بۆ بەرنامەو ماف و بەرکەوتەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببنەوە، کەسیش سەرۆکی وەفد نیە، نەک بچینە وەفدێک یەکێتی سەرۆکایەتی بکات".
چوار شەممە، ٦ ئایار ٢٠٢٦، عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست لە بارەی کۆبونەوەکەوە رایگەیاند "من وەک خۆم نیگەرانبوم لەو وەفدەی ئەمڕۆ، بڕیاربوو سەرجەم حیزبەکانی هەرێم لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببنەوە، نەک بچینە وەفدێک یەکێتی سەرۆکایەتی بکات".
"روون و ڕاشکاو بنەمای کارکردنی ئێمە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە ، ئێمە نابینە بەشێک لە هیچ شاند و بەرنامە و پڕۆژەیەکی یەکێتی و پارتی، هیچ پۆست و وەزارەتێکیشمان ناوێت پارتی یان یەکێتی پێمانبدات"، عەلی حەمە ساڵح وا دەڵێت.
عەلی حەمە ساڵح جەختیکردەوە کە "وەک سێ فراکسیۆنی پەرلەمانی(هەڵوێست، یەکگرتوو، کۆمەڵ) ١٠کورسی پەرلەمانمان هەیە، نوسراوی فەرمی کراوە وەک خۆمان وەزارەتمان دەدرێتێ سەرچاوم، ئەگەرنا لە ڕێگای پارتی و یەکێتی نە وەزارەت و نە هیچ پۆستێکمان ناوێت".
چوارچێوەی هەماهەنگی لە یەک کاتدا پێشوازی لە یەكێتی، نەوەی نوێ، رەوتی هەڵوێست، کۆمەڵ و یەکگرتوو کرد، بە گوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لە تەنیشت نوری مالیکی دانیشتووە و نوێنەرانی لایەنەکانی دیکەش لە هەمان کۆبوونەوە دانیشتوون، دوای ئەوەی میدیایی یەکێتی بڵاویکردەوە کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی شاندەکە بووە کاردانەوەی بەدواداهات.