"ئەو هاوڵاتیانەی هەڵەبجە کە دوای کیمیاباران و کۆڕەو ئاوارەی ئێران بوون مووچەیان دەدرێتێ"

‌کۆبونەوەی پارێزگاری هەڵەبجە و سەرۆکی کۆمکاری زیندانی سیاسی کوردستان

پارێزگاری هەڵەبجە، نوخشە ناسح و سەرۆکی کۆمکاری زیندانی سیاسی کوردستان، بەهادین عەزیز دوای کۆبونەوەیەکیان دەڵێن "ئەو هاوڵاتییانەی هەڵەبجە کە دوای کیمیاباران و کۆڕەو ئاوارەی ئێران بوون و کارتی نەتەوەیەکگرتوەکانیان هەیە، مینخەی مانگانەیان بۆ دەبڕدرێتەوە".

کۆبونەوەکە رۆژی چوار شەممە، ٦ ئایار ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، بەهادین عەزیزرایگەیاند "پاش ئەوەی سەردانی دەستەی زیندانییانی سیاسی عێراقمان کرد، مژدەیەکیان پێداین بۆ دانیشتووانی هەڵەبجە و ئەوانەی ئاوارەی ئێران بوون و قەرەبووی دارایی دەکرێنەوە، وا خەمڵاندنمان کردووە زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە هاوڵاتیانی هەڵەبجە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی مینحەی مانگانە بەو مەرجەی کارتی سپی یان سەوزیان هەبێت کە ئەو کات نەتەوەیەکگرتووەکان دەیدا بە ئاوارەکان".

سەبارەت ئەو بڕە مووچەیەی دەدرێت بەو هاوڵاتیانە، سەرۆکی کۆمکاری زیندانی سیاسی کوردستان وتی "بڕیارە ئاوارەکان فۆڕمێک پڕبکەنەوە و دواتر ڕەوانەی بەغداد دەکرێت و پاش تەواوبوونی کارەکان مینحەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت، کە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دینارە".

لە بارەی پڕکردنەوەی فۆرمەکەوە پارێزگاری هەڵەبجە ڕوونیکردەوە، وەک ئیدارەی هەڵەبجە لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بۆ هاوڵاتیان بڵاودەکەنەوە، "هەر کەسێک تێبینی هەیە یان پرسیاری هەیە، یاخود ناتوانن خۆی پڕی بکاتەوە، ئەوا سەردانی بەشی جەی سی سی بکات هاوکاری دەکرێت".




AM:12:41:07/05/2026