کۆمپانیای DNO کاری هەڵکەندنی هەشت بیری نوێی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە

کۆمپانیای DNOی نەرویجی بە فەرمی ڕایگەیاند'' پڕۆسەی هەڵکەندنی هەشت بیری نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووەتەوە کە پێشتر بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە ڕاگیرابوون.''

ئەم هەنگاوەش وەک ئامادەکارییەک دەبینرێت بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور هاوتەریب لەگەڵ باشتربوونی دۆخی ئەمنی و سەقامگیربوونی بازاڕەکانی وزە لە ناوچەکەدا

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیاکە لە سەرەتای ئەمساڵدا بە بەهێزی دەستیان بە بەرهەمهێنان کردبوو بەڵام وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی و دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتدا بڕیاریان دا بە شێوەیەکی کاتی کارەکانیان ڕابگرن، ئێستا و دوای ڕەوینەوەی بەشێک لە مەترسییەکان کۆمپانیاکە گەڕاوەتەوە سەر کارە مەیدانییەکانی و جگە لە هەڵکەندنی بیرە نوێیەکان دەستی کردووە بە چاککردنەوەی ئەو بیرانەشی کە پێشتر لە کاردا بوون/

ئەم بڕیارەی کۆمپانیای DNO ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ گەڕانەوەی متمانە بە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی ئەم هەڵمەتە نوێیەی هەڵکەندنی بیرەکان بڕی هەناردە و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت.

کۆمپانیا نەرویجییەکە جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بارودۆخەکە و هەوڵ دەدەن لە زووترین کاتدا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ بەرزترین ڕێژە بگەیەنن تاوەکو سوود لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت و کرانەوەی ڕێڕەوە بازرگانییەکان وەربگرن



AM:10:30:07/05/2026