یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی
عەجاج تکریتی، ناسراو بە "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" پاش وەرگرتنی وتەی
شایەتحاڵەکان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
لە دانیشتنێکی چوار کاژێریدا، ٢٨ رزگاربووی ئەنفال
وەک سکاڵاکەر و شایەتحاڵ وتەیان لە دژی تۆمەتبارەکە لێوەرگیرا و جەلادەکەش بە سیمایەکی
"لاواز و شڵەژاو" لەنێو قەفەسی تۆمەتباراندا دەرکەوت.
بەپێی زانیارییەکان لە
نێو دادگای رەسافە لە بەغدا، دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی بۆ رۆژی ١٤ی
ئایار دواخرا. تۆمەتبارەکە کە جلێکی زەردی زیندانی و تیشێرتێکی رەشی پۆشیبوو، لە
کاتی گوتەی سکاڵاکەراندا زۆر شڵەژاو دیاربوو و دەستەکانی دەلەرزین.
لە کاتی بەڕێوەچوونی
دانیشتنەکەدا، عەتا ئیبراهیم، یەکێک لە سکاڵاکەران، رووی کردە عەجاج و پێی وت:
"کوا سەیری دەموچاوم بکە، من گوناهم چی بوو کاتێک تەمەنم تەنیا ١١ ساڵ بوو و
تۆ بە کێبڵ لێت دەدام؟" عەجاج لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا بێدەنگ بوو و تەنیا سەری
سوڕاند.
دڵمان لەتیف، پارێزەری
سکاڵاکەران لە لیدوانێکدا راگەیاند: "دانیشتنەکە زۆر باش بوو و وتەی نزیکەی ٢٨
سکاڵاکەر وەرگیرا. عەجاج چەند جارێک هەوڵیدا قسەی زیادە بکات، بەڵام لەلایەن سەرۆکی
دادگاوە رێگری لێکرا. دواخستنی دانیشتنەکەش لەسەر داوای تۆمەتبارەکە بوو بۆ ئەوەی گوتەکانی
خۆی ببینێتەوە و پێداچوونەوە بە بابەتی 'کەشفی بەڵگەدا بکات."
عەجاج تکریتی کە ساڵی ڕابردوو
دوای ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگری لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیرکرا یەکێک بووە لە دیارترین
تاوانبارە هەڵاتووەکانی ڕژێمی بەعس.
ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد
حەردانە، یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە و
یەکێکە لە تێوەگلاوانی پرۆسەی ئەنفال.
عەجاج، دوای ڕووخانی
رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کەرکووکەوە ڕووی
لە سووریا کردووە و لە ناوچەی جەرەمانە لە نزیک دیمەشق نیشتەجێ بووە، دوای ٣٧ ساڵ
لە تاوانەکانی جینۆسایدکردن و ئەنفالکردنی کورد ئەمڕۆ دادگای دەکرێت.