یەکێتی بۆ پارتی: پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێم بە رێکەوتننامە دەکرێت نەک بەگۆشار


ساڵێک و شەش مانگ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و تا ئێستا حکومەت پێکنەهاتووە، رۆژانە پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکتر بۆ پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان.

پێنج شەممە، ٧ ئایار ٢٠٢٦، لەتیف نێردوەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی وەڵامی هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەداتەوە  و دەڵێت "هێمن هەورامی وتویەتی  گۆشارێکی زۆرمان لەیەکێتی کردووە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و یەکێتی تۆمەتباردەکات بە دواخستنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم. ئێمەش دەڵێین پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و دادپەروەر بەرێککەوتنێکی هاوسەنگ دەکرێت نەک بەگۆشارێکی زۆر و سەردەمی گۆشارش بەسەر چووە".

لەتیف نێروەیی وتوشیەتی "جەنابت دەڵێیت ئێمە سازشمان لە پشکی خۆمان کردووە بۆ یەکێتی و ئەوان رازی نین، ئێمە دەڵێین کورسییەکانمان لە ئێستادا بەقەدەر یەکەو دەبێ بە هاوبەشی و بە یەکسانی دابەشیان بکەین نەک ئێوە پشکمان بدەنێ . ئێوە دەڵێن ئێمە بەرێکەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ نارازین و ئەو رێککەوتنە کێشەی دروستکردووە".

"ئێمە دەڵێین رێکەوتنەکە هاوسەنگی دەگەرێنێتەوە بۆ هەرێم و دژی هیچ لایەنێک نییەو گەرانەوەی هاوسەنگی لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندایە،  بۆیە تۆماتبارکردنی یەکێتی بە دواخستنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم تۆمەتێکی نالۆژیکی یە و سەردەمی ئەو جۆرە تۆمەتە نابەجێیانە بەسەر چووە "، ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی وا دەڵێت.

لە تشرینی یەکەم ٢٠٢٤ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، تا ئێستا چارەنووسی کابینەی ١٠ حکومەتی هەرێم لە ململانێی حیزبەکاندا بە نادیاری ماوەتەوە. 




PM:09:29:07/05/2026