کشتوکاڵی هەولێر: بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەرزان دەبن


بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، هێمن سەید موراد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەگشتیی هەرزان بوون، چونکە بەرەو پێگەیشتنی بەرهەمەکان دەچین".

پێنج شەممە، ٧ ئایار ٢٠٢٦، هێمن سەید موراد رایگەیاند "لەگەڵ شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران تەنیا چەند بەرهەمێکی کەم نرخیان گرانبوو، بەڵام ئێستا نرخەکان جێگیرن، یەکێک لەو بەرهەمانەی نرخی گرانبوو تەماتە بوو، بەڵام هۆکارەکەی ئەوەبوو وەرزی پێگەیشتنی نەبوو و لە دەرەوەی کوردستان هاوردە دەکرا، تەنانەت لە هەرسێ وڵاتی دراوسێ نرخەکەی گرانبوو، ئێستا نرخەکەی هەرزانبووە و جێگیرە".

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر وتیشی "نزیکین لە رۆژمێری کشتوکاڵی و ژمارەیەک بەرهەم هاوردەکردنیان قەدەغە دەکرێت ئەمەش لە پێناو ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی ناوخۆ و هەروەها کۆنترۆڵکردنیان، چونکە بەرهەمی دەرەکی کۆنترۆڵکردنی زەحمەتترە بەراورد بە ناوخۆ".

ساڵانە لە وەرزی بەهاردا و دوای پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی بەرهەمەکان بەراورد بە وەرزی زستان نرخیان کەم دەبێتەوە.




PM:10:14:07/05/2026