مەسعود بارزانی داوای لە سەردار عەبدوڵڵا کردووە کە بەشدار بێت لە حکوومەتی داهاتووی عێراق

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی داوای لە سەردار عەبدوڵڵا، کەسایەتیی سەربەخۆ و نووسەر و سیاسی ناسراوی نیشتمانی، کردووە کە وەک کاندیدێکی کورد بۆ یەکێک لە پۆستە وەزارییەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێشنیار بکرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە، مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بۆ سەردار عەبدوڵڵا داوای کردووە کە بەشدار بێت لە حکوومەتی داهاتووی عێراق و نوێنەرایەتیی پشکی کورد بکات لە کابینەی نوێدا.

لە وەڵامدا، سەردار عەبدوڵڵا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی بارزانی دەربڕیوە و ئاماژەی داوە کە وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ، ئەو متمانە و بانگهێشتە بۆی مایەی شانازییە.

بەڵام لە هەمان کاتدا، رایگەیاندووە کە داوای لێبوردن دەکات لە وەرگرتنی هەر پۆستێکی حکوومی و جەختی کردووەتەوە کە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانیش بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان.

تا ئێستا سەردار عەدبوڵڵا هیچ پەیامێکی سەبارەت بەمە بڵاونەکردووەتەوە.




AM:09:13:08/05/2026