پارێزگارە کوردەکەی حەسەکە ئاشکرایکرد کێشەی تابلۆی سەر دادگای شارەکەیان چارەسەر کردووەو، دەڵێت" لەمەوداوا زمانی کوردی بۆ تابلۆی شارە کوردیەکان زیاد دەکرێت".
رۆژی هەینی ٨ ی ئایار نورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەکە، ئازادکردنی ٢٥٠ دەستگیرکراوی ٨ی ئایاردا ڕاگەیاند و وتیشی " لە کۆی ١٠٧٠ زیندانی "هەسەدە" لە لای حکومەتن، تا ئێستا نزیکەی ٨٠٠ کەسیان ئازادکراون؛ پێشبینی دەکرێت ٣٠٠ کەسەکەی تریش لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئازاد بکرێن."
لەبارەی گرژیەکانی بینایەی دادوە، پارێزگار جەختیکردەوە "گرژییەکانی کۆشکی داد لەحەسەکە کۆنترۆڵکراون و تێپەڕێنراون"، ئەمەش دوای ئەو ناڕەزایەتییانە هات کە گەنجانی کورد بە خۆپیشاندان تابلۆ نووسراوە عەرەبییەکەیان داگرت.
هەروەها وتیشی " گەڕانەوەی کارمەندەکان بۆ سەر کارە کارگێڕییەکان دەستیپێکردووە و، تابلۆی کوردی لەو ناوچانە دادەنرێت کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن".
بەرامبەر لادانی تابلۆ عەرەبییەکە وەزارەتی دادی سوریا ڕووداوەکەی بە "ئاژاوەگێڕی و تێکدەری" ناوبرد و ئاماژەی بە ڕێکاری یاسایی کرد بەرامبەر ئەو کەسانە.