ئێران، هەرێمی کوردستان و ئیمارات بە بنکەیەکی "دوژمن " ناوزەد دەکەن

‌کەمی سورداش دوای بۆردومانی ئێران

لە کاتێکدا بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان و ئیمارات بۆتە کارێکی رۆژانەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پەرلەمانتارێکی ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو دوو جێگایە بۆ ئەوان وەک " بنکەیەکی دوژمنن ".

عەلی خزریان، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە مەجلیسی شورای ئیسلامی ئێران، شەوی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە تەلەفزیۆنی ئەو وڵاتەی وتووە لە ئاراستەی نوێی سیاسەتی دەرەوە و سەربازی ئێراندا هەرێمی کوردستان و ئیمارات وەک "بنکەیەکی دوژمن" دەبینین و هەڕەشەی کرد کە هەر کاتێک بەپێویستی بزانن دەتوانن هێرشی "پێشوەختە " بکەنە سەریان.

پێشتریش قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند " دژایەتیکردنی ئیسرائیل لەجوڵان ناکەین، لە هەرێمی کوردستان دەکەین".

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئێران سەرباری ئەوەی ئاگربەستی بەرامبەر ئەمەریکاو ئیسرائیل و هەموو وڵاتانی کەنداو راگەیاندووە، بەڵام رۆژ نییە بۆردومانی هەرێمی کوردستان و ناوبەناو بۆردومانی ئیمارات نەکات.




PM:10:29:08/05/2026