وەزارەتی بەرگری سوریا ئەندازیار "هەلزوار مێتانی" وەک بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە سەربازییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵات دیاری دەکات.
وەزارەتی بەرگری سوریا هەینی ٨ ی ئایار، ئەندازیار "هەلزوار مێتانی" وەک بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵات (ڕەققە، دێرەزوور، حەسەکە) دیاری کرد. هاوکات فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی خۆی لە بواری ڕاگەیاندنی سەربازی ڕاگەیاند و بە فەرمی ڕادەستی ئەندازیار "هەلزوار عەبدولحەکیم ئیسماعیل"ی کرد (کە بە "هەلزوار مێتانی" ناسراوە)، وەک بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بەرگری سوریا لە ناوچەی ڕۆژهەڵات.
هەلزوار ئیسماعیل تەمەنی ٢٩ ساڵە و پۆستی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە سەربازییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵات وەردەگرێت. ئەرکی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ڕاگەیاندنی سەربازی و، نوێنەرایەتیکردنی وەزارەت لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە لە ناوچەکەدا، لەگەڵ بەڕێوەبردنی پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ دامەزراوە مەدەنییەکان و کۆمەڵگەدا، دەبێت.
ئیسماعیل بڕوانامەی ئەندازیاری سیستەمی کۆمپیوتەری لە کۆلێژی ئەندازیاری و تەکنەلۆژیا بەدەستهێناوە، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زانستەکانی وێب (Web Science)، جگە لە سێ بڕوانامەی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی بازاڕکردنی دیجیتاڵی، پاراستنی داتا و مۆڵەتی نێودەوڵەتی بۆ بەکارهێنانی کۆمپیوتەر (ICDL).
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ئیسماعیل لە ساڵی ٢٠١١دا پەیوەندی بە شۆڕشی سوریاوە کردووە و لە دیمەشق دەستگیرکراوە، ئەمەش ناچاری کردووە خوێندنی زانکۆ لە پارێزگای حەسەکە تەواو بکات.
دواتر لە ڕیزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەشداری شەڕەکانی دژی داعشی کردووە و لە پێگەکەیدا بەردەوام بووە تا ئەو کاتەی دامەزراوە سەربازییەکان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا تێکەڵکران، ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم.
جێی ئاماژەیە کە هەلزوار ئیسماعیل کوڕی مێژوونووس "عەبدولحەکیم مەلا عومەر"ە (برادۆست مێتانی)، کە لە سەرەتای شۆڕشدا لەسەر کارەکەی دوورخرایەوە بەهۆی دژایەتیکردنی ڕژێمی پێشوو.