رۆژی پێنج شەمە ٧ی ئایاری ٢٠٢٦ یەکێک لە بەناوبانگترین جەلادانی ڕژێمی بەعس، «عەجاج ئەحمەد حەردان تەکریتی»، لە دادگا دادگایی کرا؛ کە ناوی بە خوێن و ئازار و تاوانەکانی دژی خەڵکی کورد و خێزانە ئەنفالکراوەکان ناسراوە.
سەرەڕای گرنگی ئەم دادگاییە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە قوربانیانی ئەنفال و شەهیدانەوە، تا ئێستا نە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ،نە عەبدوڵڵای حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان،لە هەژماری تایبەتی خۆیان لە فەیسبوک هیچ لێدوانێک یان بەیاننامەیەکیان لەسەر بڵاونەکردووەتەوە.
دوایین پۆستی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە رۆژی ٢ی ئایار لەسەر بەشداریکردنی وەزارەتەکە بووە لە ٣٨مین ساڵیادی ئەنفالی شێخ بزێنی( وێنەکەی هاوپێچ کراوە) و دوایین پۆستی وەزیری شەهیدان لەرۆژی یەکی ئایار بووە و بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکارانەوە( وێنەکەی هاوپێچ کراوە)، وەک ئەوەی ئەم ڕووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە مێژووی ئازار و خوێنی ئەم گەلەوە نەبێت.
عەجاج، یەکێک بوو لە ئەو ئەفسەر و بەرپرسانەی کە لە سەردەمی ڕژێمی سەددامدا بەشداربوو لە تاوان و سەرکوتکردنی خەڵکی کورد، بە تایبەتی لە ناوچەکانی گرێدەدراو بە کارەساتی ئەنفال و چالاکییە ئەمنییەکان. ناوی ئەو لە زۆر گێڕانەوە و شایەتیی قوربانییەکاندا هاتووە، وەک کەسێک کە دەستی بە خوێنی بێتاوانان سوور بووە. رۆژی پێنج شەممە ٧ی ئایرا دادگایی کرا و ٢٢١ کەس وەکو شایەتحاڵ ئامادە بوون. دواتر یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج تکریتی، ناسراو بە "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" پاش وەرگرتنی وتەی شایەتحاڵەکان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
وێنە: دوایین پۆستی پەڕەی فەرمی وەزیر و وەزارەت، کە هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بە دادگاییکردنی عەجاج: