بە وتەی شارەزایەکی کەشناسی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن و لە ناوەڕاستی هەفتەشدا ئەگەر بارانبارین و هەورە بروسکە لە چەند ناوچەیەک هەیە و ئیدارەی گەرمیانیش نزیک دەبێتەوە لە ٤٠ پلەی سەدی و کەشی گەرمی هاوینەیی دەستپێدەکات" .
ئاراس جەبار، شارەزا ی کەشناسی کورد ڕایگەیاند" لە ئەنجامی لاوازبوونی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆ لەسەر کەش و بەرگەهەوای ناوچەکە و چالاکبوونی نزمەپاڵەپەستۆیەک لەدەریای سوورەوە لە سبەینێ یەکشەممەوە، پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەیەکی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت و لە رۆژی دووشەممەوە، کاریگەری ئەو بارستە هەوا گەرمە زیاتر هەڵدەکشێت و لەزۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەی گەرمی چەند پلەیەک بۆ سەرو ٣٠ پلەی سەدی بەرزدەبنەوە و لەناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیانیش نزیک دەبێتەوە لە ٤٠ پلەی سەدی و کەشی گەرمی هاوینەیی دەستپێدەکات".
باسی لەوەشکردووە، بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد بۆ چینە بەرزەکانی بەرگەهەوا ئەگەر هەیە لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، حاڵەتێکی ناجێگیری کەش بەلاوازی لەچینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا دروستببێت و لەئەنجامدا لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا ئەگەر هەیە هەورە بروسکەی بنکە بەرزی وشک لە ئاسمانی ناوچەکەدا چالاکببێت و لەهەندێ شوێنیشدا نمە بارانێکی کەم ببارێت، بەڵام زیاتر هەورە بروسکەکان وشک دەبن و بارانبارینیان نابێت، ئەمەش تارادەیەک لەم کاتەدا مەترسی دروستەکات لەکاتی بەرکەوتنی هەورە بروسکەکان بەو شوێنانەی گژ و گیا زەردبووە و دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر.
دەشڵێت" بەگشتی کاریگەری ئەو بارستە هەوا گەرمە تا کۆتایی هەفتە لەسەر ناوچەکانمان دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما لەبەرزیدا دەبن".