بەحرەین.. ٤١ ئەندامی گرووپێکی پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران دەستگیر کران

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین ئاشکرای دەکات کە ٤١ کەسی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی دەستگیرکردووە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی شەممە لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە" کە ئەو کەسانە ئەندامی سەرەکیی "ڕێکخراوێکی پەیوەست بە سوپای پاسداران" و لایەنگری تیۆری "ویلایەتی فەقیح" بوون.

بەگوێرەی وەزارەتەکە، دەستگیرکردنەکان دوای "لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتە ئەمنییەکان، هەروەها ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکانی پێشووی داواکاری گشتیدا لە حاڵەتەکانی سیخوڕیکردن لەگەڵ لایەنە بیانییەکان و هاوسۆزی بۆ دەستدرێژییە ئاشکراکانی ئێران سەلمێندرابوو".

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین زیادی کرد: ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو ٤١ کەسە لە تەواوبووندایە و لە هەمان کاتدا ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و لێکۆڵینەوە بەردەوامن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە دژی هەر کەسێک کە سەلمێندرا کە دەستی لە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە و ئەنجامدانی کردەوەی پێچەوانەی یاسا هەیە.

پێشتریش میدیاکانی بەحرەین ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گوڵان بڵاویان کردبووەوە کە پەرلەمانی بەحرەین سێ ئەندامی خۆی بە هۆی پشتیوانیکردن لە رژێمی ئێران و ستایشکردنی هێرشەکانی" دەرکردبوو.

بەپێی داواکارییەک بۆ دەرکردن کە لەلایەن کۆمیسیۆنی کاروباری یاسایی و یاسایی پەرلەمانی بەحرەین پێشکەش کراوە، ئەو سێ ئەندامە "ڕەخنەیان لەو کارانە گرتووە کە حکومەت لە دژی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە ستایشکردنی هێرشەکانی [رێژیمی ئێران] بۆ سەر بەحرەین".

پێشتر حەمەد بن عیسا ئەلخەلیفە شای بەحرەین ڕەخنەی لە هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی گرت و وتی ئەوان "لە ڕیزەکانی خیانەتکاراندا وەستاون".

هەروەها لە ٢٧ی ئایاردا، حکومەتی بەحرەین ڕایگەیاند" کە ڕەگەزنامەی ٦٩ کەسی هەڵوەشاندووەتەوە و ڕوونیکردەوە کە ئەوان "هاوسۆزییان بۆ رژێمی ئێران دەربڕیوە و ستایشی کارە دوژمنکارانە و تاوانکارییەکانی کردووە لە هێرشکردنە سەر بەحرەین".



PM:01:17:09/05/2026