ئەنجومەنی سیاسیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی ڕێبوار ئەوڕەحمان جێگری سەرۆکی جوڵانەوەکە بە کۆی دەنگ بڕیاری بەشداریکردنی لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پەسەند کرد.
کاندیدی فەرمی خۆشی بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتەی کە بڕیارە لە بەغدا پێیان بدرێت دەستنیشان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە وەرگرتنی پۆست لە حکومەتی ناوەندی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی هاوڵاتییان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە.
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی سیاسیی نەوەی نوێ تەواوی بەندەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان جوڵانەوەکە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی تاوتوێ کرد و خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنەکەی وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک وەسف کرد.
ئەنجومەنەکە بە فەرمی ڕەزامەندی لەسەر واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەربڕی و هیوای خواست ئەم جۆرە لێکتێگەیشتنانە ببێتە هۆی دابینکردنی سەقامگیریی زیاتر و چارەسەرکردنی پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا جوڵانەوەکە جارێکی دیکە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و کوردستان دووپات کردەوە و داوای لێکردن بەردەوام بن لە بەدواداچوونی ورد بۆ کێشە و گرفتەکانی هاوڵاتییان، ئەم بڕیارە نوێیەی نەوەی نوێ بۆ چوونە ناو حکومەتی عێراق گۆڕانکارییەکی نوێیە لە نەهجی سیاسیی جوڵانەوەکە و وەک ئامادەکارییەک دەبینرێت بۆ قۆناغی داهاتووی حکومڕانی لە عێراقدا.