دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند'' هێزەکانیان توانیویانە ئەو تۆمەتبارانە دەستگیربکەن کە شەوی ڕابردوو لە شاری کەلار بە ماتۆڕسکیل ڕێگرییان لە پاسێکی گەشتیارانی عەرەب کردبوو و ببوونە هۆی بێزارکردنی گەشتیارەکان.''
ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە هات کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە میدیا عێراقییەکان بڵاوکرایەوە و تێیدا چەند گەنجێک دەردەکەوتن کە ئاستەنگیان بۆ جووڵەی پاسەکە دروست دەکرد، دەزگای ئاسایش جەختی کردەوە کە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد توانیویانە لە کەمترین ماوەدا ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکرا بکەن و دەستگیریان بکەن.
تۆمەتبارەکان لە ئێستادا بەپێی ماددەی (٤٩٥) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی کراونەتەوە، ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە تاوەکو تەواوی ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێت.
هێزە ئەمنییەکان دووپاتیان کردەوە کە پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و هاووڵاتیان لە کارە لەپێشینەکانیاندایە و ڕێگە بە هیچ جۆرە سەرپێچی و بێزارکردنێک نادەن کە لە دەرەوەی یاسا بێت.