ئەردۆغان و مەسرور بارزانی کۆبوونەوە و جەختیان لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە

سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند'' ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە نووسینگەی دۆڵمەباخچە لە ئیستەنبووڵ پێشوازی لە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە و لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.''

ئەردۆغان نیگەرانیی خۆی نیشان داوە کە لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا خاکی عێراق و شاری هەولێریش کراونەتە ئامانج و جەختی کردووەتەوە کە تورکیا بە هیچ شێوەیەک نایەوێت شەڕ بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پەل بکێشێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا پاراستنی سەقامگیریی عێراقی بۆ تەواوی ناوچەکە بە گرنگ ناوبردووە و ڕایگەیاندووە کە پێکهێنانی خێرای حکومەتی نوێی عێراق خزمەت بە یەکڕیزی و تەبایی وڵاتەکە دەکات.

هەروەها ئەردۆغان ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا بەتایبەتی لە کەرتەکانی بازرگانی و گواستنەوە و وزە

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" کراوە کە ئەردۆغان وەک پڕۆژەیەکی سوودبەخش نەک تەنها بۆ عێراق بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەی کەنداو وەسفی کردووە، هاوکات سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە وڵاتەکەیدا کردووە و ڕایگەیاندووە کە سوورن لەسەر سەرخستنی ئەو پرۆسەیە و خوازیاری چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیرین لە ناوخۆی تورکیا و وڵاتانی دراوسێشدا



PM:05:27:09/05/2026