بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا: ڕێژەی تووشبوونی منداڵان بە شێرپەنجە لە زیادبووندایە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سلێمانی، هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لەناو منداڵاندا.

دکتۆر یاد نەقشبەندی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دیاردەیە لە ڕابردوودا لەناو نەتەوەی کورددا زۆر دەگمەن بووە، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

بە وتەی دکتۆر یاد، چەند هۆکارێکی جیاواز لە پشت ئەم زیادبوونەوەن، کە دیارترینیان پیسبوونی ژینگەیە. ئەو جەختی کردەوە کە ئەمە تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش کاتێک باس لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجە دەکرێت، تێکچوونی ژینگە وەک یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان دەستنیشان دەکرێت.

بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی تەندروستی و سەنتەرەکانی شێرپەنجە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بە هەزاران حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەکرێن، بە تێکڕا ساڵانە نزیکەی ٩,٠٠٠ بۆ ١٠,٠٠٠ حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٣دا، زیاتر لە ٣,٠٠٠ حاڵەتی نوێ لە پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە.




PM:05:42:09/05/2026