حەسەکە.. دژی لابردنی زمانی کوردی خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت


دژی لابردنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی ناساندنی کۆشکی داد لە شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

شەممە، ٩ ئایار ٢٠٢٦، دانیشتووانی حەسەکە لە گۆڕەپانی ئاشتی لە بەرامبەر کۆشکی داد خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوا دەکەن کە "ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی ناوچەکانیان، هەروەها دەستەبەرکردنی زمانی کوردی لە تابلۆ و هێما فەرمییەکاندا" هەبێت.

لە ٧ـی ئایار، ئەندامانی حکومەتی کاتیی سوریا تابلۆی ناساندنی کۆشکی دادیان لە شاری حەسەکە لادابوو، کە پێشتر بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی نووسرابوو، لەبری ئەوە تابلۆیەکی نوێیان دانا کە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر بوو، ئەمەش بووە هۆی درووستبوونی نیگەرانی و ناڕەزایەتی لەلایەن دانیشتووانی شارەکە و جارێکی دیکە گۆڕدرا  بۆ تابلۆیەک کە تەنیا بە زمانی عەرەبیە.

ماوەی چەند رۆژێکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دژی عەرەبی نووسین لەسەر تابلوی شوێنە فەرمیەکان خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت. 






PM:08:01:09/05/2026