دوای ٨ ڕۆژ هێشتا چارەنووسی دوو منداڵەکەی کەوتنە ناو رووباری گەلی عەلی بەگ نادیارە

‌ئەو منداڵە ٧ ساڵەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە

بەڕێوبەری بەرگری شارستانی سۆرن، کاروان میرودەولی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "تا ئێستا گەڕان بەدوای دوو منداڵە بێسەروشوێنەکە بێ ئەنجام بووە و هێشتا ئۆتۆمبێلەکەشمان نەدۆزیوەتەوە، تەنیا دوو پارچەی نەبێت".

شەممە، ٩ ئایار ٢٠٢٦، کاروان میراودەلی رایگەیاند "بەردەوامین لە گەڕان بەدوای دوو منداڵە بێسەروشوێنەکەی رووداوەکەی گەلی عەلی بەگ. لە درێژەی گەڕانەکانماندا لە ماوەی هەفتەی رابردوو ١٨ تەکنیکی گەڕانمان بەکار هێناوە، کە هەم بیرۆکەی خۆمان و هەم بیرۆکەی خەڵکیشمان وەرگرتووە".

"ئێمە بەردەوام دەبین لە گەڕان، ئێستا تیمی سلێمانیش بۆ هاوکاریمان هاتووە، تیمی سۆران، مێرگەسۆر و هەولێریش بەردەوامین و هەفتەی رابردوو ئاکرێشمان لەگەڵ بوو، ئەگەر تاوەکو هەفتەی داهاتوو نەدۆزرێنەوە، تەکنیکی 'ئەسکلەی موگناتیسی' بەکار دەهێنین، بە ئامانجی ئەوەی سوودی هەبێت"، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی سۆران وا دەڵێت. 

شەوی هەینی، ١ ئایار ٢٠٢٦، لە نزیک کانی ماران لە گەلی عەلی بەگ، ئۆتۆمبێلێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و بەرەو قووڵایی رووبارەکە هەڵدێرا، لە کاتی رووداوەکەدا، شۆفێرەکە و ژنێک رزگاریان بوو، بەڵام سێ منداڵ بە ناوەکانی ئادەم خورشید ٣ ساڵ، لاوەند خورشید٧ ساڵ، مینا عیسای ١٧ساڵ پێکەوە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا نووقم بوون.
 
دوای چوار رۆژ لە گەڕان تەرمی منداڵە ٧ ساڵەکە دۆزرایەوە.




PM:09:06:09/05/2026