سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ژوان سابیر لە راگەیاندراوێکدا سەبارەت بە "هێرشکردنە سەر پاسێکی گەشتیاران" دەڵێت "بە توندی سەرکۆنەی هەر جۆرە ڕەفتارێکی نەشیاو و دوور لە کولتووری میواندۆستی بەرامبەر بە گەشتیاران دەکەم".
شەممە، ٩ ئایار ٢٠٢٦، ژوان سابیر رایگەیاندوە "هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک لانکەی ئارامی و پێکەوەژیان دەمێنێتەوە و ڕێگەنادرێت هیچ کەس و گرووپێک بە کاری نابەرپرسانە، سیمای جوانی شارەکان و ناوبانگی میواندۆستی گەلی کورد لەکەدار بکەن".
"گەشتیاران میوانی ئازیزی ئێمەن، پاراستنی شکۆ، ئارامی و سەلامەتییان، ئەرکی لە پێشینەی ئێمەیە"، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار وا دەڵێت.
شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی کەلار ژمارەیەک گەنج ڕێگرییان لە پاسێکی گەشتیارانی عەرەب کرد و ڤیدیۆیی ڕێگریکردنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەفراوانی بڵاوکرایەوە و دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ڕووداوەکەی ڕاگەیاند.