هەرێم ٥٠ ملیار دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق


رۆژی یەک شەممە ١٠ ی ئایار وەزاەرەتی دارایی هەرێم بڕی ٥٠ ملیار دیناری ناردە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەک پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم.

وەزارەتی دارایی هەرێم هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی نیسان تەنها ١٠٠ ملیارەو، لەو بڕە ٥٠ ملیار دینار دەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، سەرەتا وەزیری دارایی فیدراڵ بەو بڕە رازی نەبوو، بەڵام تا ئێستا دیار نییە لەسەر ناردنی ئەو بڕەی ئەمڕۆ هەڵوێستی چی دەبێت.

بڕی نێردراوی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی نیسان ٥٠ ملیار و ٢٩٢ ملیۆن و ٢١٣ هەزار دینارە کە وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.

لەلایەکی ترەوە سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند" لیستی مووچەی مانگی ئایار بە سیستمی پەیڕۆڵ، لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کاراکراوە".

یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی، ئاشکرایکرد، لیستەکە بە هەمان ڕێکار و ڕێنمایی مانگی ڕابردوو ئامادە دەکرێت، لەگەڵ چەند تێبینییەک، کە تایبەتن بە خەرجکردنی دەرماڵە، بڕیارە لە پێنج بۆ ١٠ ڕۆژدا لیستەکە ئامادەبکرێت".




AM:11:35:10/05/2026