کارمەندانی تەندروستی لە دهۆک گردبوونەوە


کارمەندانی خۆبەخش لە کەرتی تەندروستی دهۆک دوای ئەوەی هەفتەیەکە دەوامیان بایکۆت کردوە، ئەمڕۆ گردبوونەوە و داوا دەکەن بەشێوەی هەمیشەیی دابمەزرێن.

یەک شەممە، ١٠ ئایار ٢٠٢٦، گردبوونەوەکە لە بەردەم نەخۆشخانەی گشتی دهۆک ئەنجامدرا و ئەو کارمەندانەی گردببونەوە لە نەخۆشخانەکانی لەدایکبوون و فریاکەوتن و نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان وەک خۆبەخش کار دەکەن نزیکەی هەفتەیەکە بایکۆتیان ڕاگەیاندووە.

ژمارەیەک لەو کارمەندانە دەڵێن "زیاتر لە ٥ ساڵە وەک خۆبەخش کار دەکەن".

دوای گردبوونەوەکە، بەشداربووان ڕوویان لە باڵەخانی پارێزگای دهۆک کرد، بەڵام پارێزگار بە بیانووی هەبوونی میوان ئامادەنەبوو کارمەندەکان ببینێت.

هەفتەی رابردوو فەرمانێکی وەزارەتی تەندروستی کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا کە تیایدا ٢٣ خوێندکاری دەرچووی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک، لە بەرێوەبەرایەتی تەندروستی دھۆک بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ دامەزران، ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا.




PM:02:34:10/05/2026