سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی، عەتا ئەنوەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بلیتی فڕۆکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "لە داهاتوودا نرخەکان زیاتری بەرز دەبنەوە"، لە کاتێکدا لە ئێستادا بەراورد بە سەرەتای ئەم ساڵ دوو هێندە زیادی کردوە.
یەک شەممە، ١٠ ئایار ٢٠٢٦، عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی رایگەیاند "لە دوای جەنگەوە کە نرخ بەرزبووەتەوە هێشتا بەرزە و دانەبەزیوە، لە هەمان کاتدا بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە گەشتیش کەم بووەتەوەو خەڵک گەشت ناکات، فڕۆکەش ناتوانێ لەم دۆخەکەدا بە ٥ گەشتیارەوە گەشتەکانی بکات و هێڵەکان کەمبوونەتەوە".
"پێش جەنگ بلیتی فڕۆکە لە سلێمانییەوە بۆ ئیسپانیا بە ترانزێت بە ٤٥٠ دۆلار بوو، ئێستا بە ٦٥٠ دۆلارە. بلیتی هاتن و چوونی تورکیا بە ١٥٠ دۆلار بوو، ئێستا بە ٥٦٠ دۆلارە"، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی وا دەڵێت.
عەتا ئەنوەر ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەرەو وەرزی گەشتیاری دەچین، کە ساڵانی ئاسایی لەم کاتەدا نرخ بەرز دەبێتەوە، بۆیە بەهۆی وەرزەکە و دۆخی ناوچەکەش، پێشبینی دەکرێ نرخی تیکتی فڕۆکە زیاتر بەرزبێتەوە".
بەر لە ٢٨ شوباتی ٢٠٢٦ و دەستپیکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نرخی گاڵۆنێك بەنزینی فڕۆکە کە ٣.٨ لیترە، لە نێوان ٢ بۆ ٤ دۆلاردا بووە، بەڵام لە دوای ٢٨ شوبات تا ئێستا نرخەکەی لە نێوان ٥ بۆ ٧ دۆلاردایەوە.