خاوەنی کۆمپانیایەکی ئامێرە کارەباییەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلە کارەباییەکانی ناو ماڵ ئاشکرا دەکات.
یەک شەممە، ١٠ ئایار ٢٠٢٦، ژیار تاریق، خاوەنی کۆمپانیای ئامێرە کارەباییەکانە و رایگەیاند "پێش جەنگ کۆنتێنەرێکی ٤٠ پێی گومرگەکەی لە بەندەری ئوم قەسر لە بەسڕە ٤ ملیۆن و ٦٠٠هەزار دینار بوو، ئێستا ١٤ بۆ ٣٠ ملیۆن دینارە و گواستنەوەی بار لە چین بۆ بەندەری ئوم قەسر ٢ هەزار و ٣٠٠ دۆلار بوو، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ ٥ هەزار و ٥٠٠ دۆلار".
بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوە بەم شێوەیە نرخی ئامێرەکانی بەرز کردوەتەوە بە وتەی ژیار تاریق "پێش جەنگ بەفرگرێک بە ٦٠٠ دۆلار بووبێت، ئێستا بە ٨٠٠٠ دۆلارە. هەروەها تەلەڤزیۆنێکی شاشە ٦٥ پێش جەنگ ٤٠٠ دۆلار بوو، ئێستا بە ٦٥٠ دۆلارە. جلشۆرێک بە ٣٤٠ بووبێت، ئێستا بە ٥٩٠ دۆلارە. هەروەها قاپشۆرێک بە ٣٠٠ دۆلار بووبێت، ئێستا بە ٤٥٠ دۆلارە".
لە دوای ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ و دەستپێکردنی جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران نرخی پێداویستییەکان بەرزبوەتەوە و ئەگەر چی لە ٨ نیسان ئاگربەست راگەیاندرا، بەڵام لە ١٣ نیسان ئەمریکا گەمارۆی گەرووی هورمزی داوە و تا ئێستا کاریگەرییەکان لە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا دەبیندرێت.