جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نوێترین لێدوانیدا هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی سەبارەت بە چەقبەستوویی دۆخی سیاسی روونکردەوە.
قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند'' ئەوان بۆ هەردوو بژاردەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم یان دووبارەکردنەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن ئامادەییان هەیە بەڵام جەختی کردەوە کە مەرجی سەرەکییان بۆ بەشداری لە حکومەتدا بوونی یەکێتییە وەک هاوبەشێکی راستەقینە لە بڕیار و دەسەڵاتدا.''
تاڵەبانی نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بۆ ماوەیەکی زۆر درێژەی خایاندووە و ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت کابینەی داهاتوو حکومەتێک بێت خزمەتگوزارییەکان بەبێ جیاوازی بگەیەنێتە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
داواشی کرد گفتوگۆکان بە ئاراستەیەک بن کە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵک لەبەرچاو بگیرێت چونکە یەکێتی هەر لە سەرەتای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانەوە لەگەڵ پێکهێنانی خێرای حکومەتدا بووە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر رەوشی ئازادیی رادەربڕین و رایگەیاند'' لە سلێمانی پەیوەندییەکی تەندروست لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا هەیە و هەرچەندە ئەگەری هەبوونی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان هەیە بەڵام بەهۆی بەهێزی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە رێگری لەو پێشێلکاریانە دەکرێت.''
ئەم لێدوانانەش لەکاتێکدایە کە زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا تێپەڕیوە و هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.