دوای زیاتر لە مانگێک لە ڕاگرتنی کارەکانی بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، تیمە تەکنیکییەکانی کۆمپانیای (BP)ی بەریتانی گەڕانەوە بۆ کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و جارێکی دیکە دەستیان بە چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی کۆمپانیای نەوتی باکوور کردەوە کە ئەم هەنگاوەش بە گرنگ دەبینرێت بۆ بوژانەوەی کەرتی وزە لە پارێزگاکەدا.
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت جەختی لەسەر پشتگیری تەواوی ئیدارەی خۆجێی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کردەوە و ڕایگەیاند'' گەڕانەوەی ئەم کۆمپانیایە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووریی شارەکە و ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ باڵیۆزخانەی بەریتانیا و بەرپرسانی کۆمپانیاکە لە پەیوەندیدان بۆ هەماهەنگی زیاتر.''
هەروەها ئاماژەی بە هەوڵێک دا بۆ هێنانی کۆمپانیایەکی تورکی تاوەکو لە کەرتی نەوتدا پێکەوە لەگەڵ بی پی کار بکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکان.
لە ڕووی تەکنیکییەوە هەرچەندە کۆمپانیاکە گرێبەستێکی ٢٠ ساڵەی لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەیە بەڵام هێشتا لە قۆناغی کۆکردنەوەی زانیاریدایە و پسپۆڕانی جیۆلۆجیش داوا دەکەن کۆمپانیاکە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک "چاڵی ئاسۆیی" بەکاربهێنێت نەک مۆدێلە کۆنەکان چونکە ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان تەنها ٣٥٠ هەزار بەرمیلە و پلانەکە ئەوەیە لە قۆناغی یەکەمدا بگاتە ٦٠٠ هەزار و لە ئایندەشدا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرزبکرێتەوە.