لە مەراسمێکدا کە لە مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە دوو ڕۆژنامەنووس کە خزمەتیان بە بواری ڕۆژنامەگەری و گەیاندنی ڕاستییەکان کردووە.
ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی شایستەی خەڵاتەکە بوون بریتین لە ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو شێروان شێروانی و ڕۆژنامەنووسی عێراقی ئەنەس عادل کەریم بوون.
لە پەراوێزی ئەم مەراسیمەدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵاتکردنی شێروان شێروانی دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنی کەسانی شارەزا و ڕاگەیاندنکار بووە و جەختی کردەوە کە ئەویش هاوڕایە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سلێمانی وەک ئازادترین شاری هەرێم و عێراق دەمێنێتەوە و ڕێگە نادرێت دەست بۆ ئازادییەکەی ببرێت.
لایەنی کرداری مەراسیمەکە بەوە جیادەکرایەوە کە ڕۆژنامەنووس ئاسۆس هەردی خەڵاتەکەی شێروان شێروانی پێشکەش کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوبراو لە ئێستادا لە زیندانێکی شاری هەولێر دەستبەسەرە، براکەی بە نوێنەرایەتی ئەو خەڵاتەکەی وەرگرت، هەر لەو مەراسیمەدا، ڕۆژنامەنووس شوان محەمەد خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشی بە ڕۆژنامەنووسی عێراقی ئەنەس عادل کەریم.
ئەم ڕێزلێنانە لە کاتێکدایە کە شێروانی زیاتر لە پێنج ساڵە لە زینداندایە و لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦ەوە مانی لە خواردن گرتووە، کە بەپێی وتەی پارێزەرەکانی دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
شێروان شێروانی لە ڕێگەی مانگرتنەکەیەوە دوو داواکاری سەرەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە. داواکاری یەکەمی بریتییە لە گواستنەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی بۆ چاکسازی سلێمانی، و داواکاری دووەمیشی پێدانی مۆڵەتی سەردانیکردنی ماڵەوەیە بەپێی یاسا، هاوشێوەی زیندانیانی دیکە.