لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیویدا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، زانیاری و دانپێدانانێکی گرنگی لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رژێمی سوریا، ئێران، روسیا و تورکیا ئاشکرا کرد و باسی لە قۆناغە هەستیارەکانی شەڕی سوریا و هەوڵە سیاسییەکان کرد.
عەبدی وتی، بەشار ئەسەد "پیاوێکی گەمژە و لووتبەرز" بووە و گوێی لە هیچ لایەنێک نەدەگرتووە. بەوتەی ئەو، لە سەرەتای قەیرانی سوریا دووجار لەگەڵ ئەسەد کۆبووەتەوە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک نەگەیشتوون. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە روسیا هەوڵی ناوبژیوانی لەنێوان هەسەدە و رژێمی سوریادا داوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، چونکە "بەشار تەنانەت گوێ لە هاوپەیمانەکانی خۆشی نەدەگرت".
فەرماندەی هەسەدە هەروەها ئاشکرای کرد کە ئێران هەوڵی پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتنی لەگەڵیان داوە، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئێرانییەکان کۆنەبوونەتەوە. بەوتەی عەبدی، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە ئێران هەوڵی دامەزراندنی هێزی خێڵەکی لە ناوچەکەدا دەدات، هێزەکانیان ئێرانییەکانیان لە ناوچەکە دەرکردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، عەبدی ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی رژێمی ئەسەدیان لە هەندێک ناوچە دەرکردووە و هەزاران سەربازی رژێمیان بە دیل گرتووە، پاشان رادەستی بنەماڵەکانیان کراونەتەوە. هەروەها وتی لەو ناوچانەی تەسلیم نەبوون، شەڕیان لەگەڵ کراوە و ژمارەیەک ئەفسەری پلەبەرزی رژێم کوژراون.
عەبدی ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییە سەرەتاییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی سلێمانی و هەولێرەوە ئەنجامدراون. هەروەها باس لەوە کرد کە بەرهەم ساڵح پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی یەک کاتژمێری لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجامداوە و دوای تەلەفونەکە پێی وتووە: "بەشار و بیرکردنەوەی هیچی لەسەر هەڵناچنرێت".
فەرماندەی هەسەدە هەروەها ئاشکرای کرد کە لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ دیداری لەگەڵ بەرەی نوسرە هەبووە و ئەبو ماریا قەحتانی ئەوکات بەرپرسی ئەو گرووپە بووە.
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای سوریا، عەبدی رایگەیاند" پێش ڕزگارکردنی حەما لە کاتی شەڕی ردع العدوانپەیوەندیی بە ئەسعەد شەیبانی ـەوە کردووە و لەسەر چەند خاڵێک تایبەت بە حەلەب، جێگیرکردنەوەی هێزەکان و پاراستنی ئاسایش ڕێککەوتن.
لە بابەتی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق، عەبدی جەختی کردەوە کە "گەلی کورد خیانەت قبوڵ ناکات" و ئەگەر ڕێککەوتنێک بۆ کشانەوە هەبووە، ئەوا ئەوەی روویداوە پێویستی بە داوای لێبوردن و چارەسەرکردن هەیە لەلایەن دیمەشقەوە.
هەروەها ئاشکرای کرد کە لە دوایین کۆبوونەوەیاندا، لەسەر میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئایندەی سوریا ڕێککەوتوون. بەوتەی ئەو، ئەحمەد شەرع پێشنیاری ئەوەی پێکردووە کە پۆستێکی سیادی وەربگرێت و پێکەوە کاربکەن، بەڵام عەبدی وتویەتی ئەرک و کاری سەرەکیی لە ڕۆژاڤا بریتییە لە یەکگرتن و یەکڕیزی کورد.
لە بارەی تورکیاشەوە، فەرماندەی هەسدە دەڵێت" پەیوەندییەکانیان لە ئێستادا نیمچە ئاساییـە و ئەوەی ئێستا روودەدات جۆرێکە لە ئاگربەستکە لە ئەنجامی پرۆسەی ئاشتی تورکیاوە سەرچاوەی گرتووە. بەوتەی ئەو، هەوڵدەدەن پەیوەندییەکانیان لە چوارچێوەی ئەمنییەوە بگوازنەوە بۆ پەیوەندییەکی سیاسی و ڕەنگە لە داهاتوودا سەردانی تورکیا بکات.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانی ، مەزڵوم عەبدی باس لە قەیرانی دۆسیەی دەسەڵاتی دادوەری کرد و وتی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هەندێک گرفتی جدی لەو بوارەدا سەریهەڵداوە. و ئەم ناکۆکییانە بوونەتە هۆی پەکخستنی پرۆسەی یەکگرتن.
عەبدی هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکەی بە نەبوونی میکانیزمێک بۆ بەشداری دادوەرەکان لە ناو حکومەت لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکگرتندا زانی و وتی کاردانەوەی دادوەرەکان بەرامبەر بە دوورخستنەوە "ڕەوا” ـیە.