واژۆ لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەکرێت


وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرە قارەمانەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رادەگەیەنین".

دوو شەممە، ١١ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "بڕوای تەواومان وایە کە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، دەبێتە وزەیەکی نوێ و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزترەوە وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە پارێزگاریکردن لە خاک و شکۆی گەلی کوردستان بەردەوام بن".

وەزیری پێشمەرگە دڵنیای دەداتە ئەفسەرانی تر و وتویەتی " لێرەشەوە دڵنیایی بە ئەو ئەفسەرانە دەدەین کە ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە، بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا شۆڕش ئیسماعیل پیرۆزبایی لەو ئەفسەرانە کردوە کە پلەکانیان بەرز کراوەتەوە و "هیوای سەرکەوتنی بەردەوامییان بۆ دەخوازم".

بەپێی زانیارییەکانی خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ساڵانی ٢٠٢٣،٢٠٢٢ و ٢٠٢٤  کە هەریەکەیان دوو خشتەی "ئادار و ئەیلوول" لەخۆدەگرێت، واتە لە ساڵێکدا دووجار، بەم شێوەیە جێبەجێ دەکرێن؛ دەڤەری یەک و فەرماندەیی پێنج خشتەکانی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ئادار و ئەیلوولی ٢٠٢٣، و ئاداری ٢٠٢٤. وەزارەتی پێشمەرگە، خشتەکانی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ئاداری ٢٠٢٤، و ئەیلوولی ٢٠٢٤. پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، خشتەی ئەیلوولی ٢٠٢٣ ی تێدایە. 





PM:02:20:11/05/2026