بەتۆمەتی "گەندەڵی و وەرگرتنی سەرانە"، عەمید محەمەد عەتییە، بەڕێوبەری پۆلیسی کاروباری ناوخۆ لە کەرکوک بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی عێراق دەستگیرکرا.
دوو شەممە، ١١ ئایار ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بۆ میدیاکانی پشتڕاستکردەوە کە "عەمید محەمەد عەتییە ئێستا لە بەغدایە و لە رێکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەر کراوە. ئەم بەرپرسە تۆمەتبارە بەوەی لە بازگەکانی چیمەن و دارەمان چاوپۆشی لە هێنانەژوورەوەی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو و قاچاخ کردووە، بەتایبەت هێلکە و جگەری بێ مۆڵەت و گومرک، لە بەرانبەردا سەرانەی لە بازرگانان وەرگرتووە".
سەبارەت بە ئاشکرابوونی ئەو بەرپرسەی پێشوو ئەو سەرچاوە وتویەتی "دۆسیەکە ئەو کاتە پێیزانراوە کە دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بازگەی پردێ دەستگیرکراون، شەش ماستەرکارت و چەند مۆبایلێکیان پێبووە. ئەو کارمەندانە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کار بۆ بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ دەکەن و رۆژانە بڕی ٤ هەزار دۆلاریان لە بازگەکە بۆ کۆکردووەتەوە".
دوای دەستگیرکردنی ئەو دوو کارمەندە ، عەمید محەمەد عەتییە هێزێکی جوڵاندووە بە مەبەستی "رزگارکردنیان، بەڵام ئەم هەوڵە وایکردووە وەزارەتی ناوخۆی عێراق راستەوخۆ بێتە سەر هێڵ و بڕیاری کۆتایی لەسەر لادان و دەستبەسەرکردنی بدات".