وەزارەتی دارایی: چاوەڕوانی گوژمەی دووەمی پارەکەین تا مووچە دابەش بکەین


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی نیسان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی".

دوو شەممە، ١١ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "نیوەڕۆی ڕۆژی دوو شەممە بڕی  ٦٦٣  ملیار و ٨٠٥ ملیۆن دینار وەک بەشێک لەتەمویلی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".

سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچە وەزارەتی دارایی وتویەتی "چاوەڕێ دەکرێت سبەی سێ شەممە گوژمەی تەواوکاری مووچە بگاتە سەر هەژماری وەزارەتمان و لەگەڵ گەیشتنی تەواوی تەمویلی مووچەو وەرگرتنی پارەکە لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت".




PM:03:50:11/05/2026