بەڕێوبەری گواستنەوەی سلێمانی، جەمیل کۆچەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری نوێی سەبارەت بە گۆڕانکاری دەربارەی گۆڕینی پاسە کۆنەکانی سلێمانی ئاشکراکرد.
دوو شەممە، ١١ ئایار ٢٠٢٦، جەمیل کۆچەر، بەڕێوبەری گواستنەوەی سلێمانی رایگەیاند "بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت لە گفتوگۆدایە تاوەکو پاسی نوێ و جێگرەوە بۆ ئەو شۆفێرانە دابین بکەن کە پاسەکانیان کۆن بووە، بەڵام گفتوگۆکان هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی بۆ ئەوەی پڕۆسەی گۆڕینی پاسەکان دەستپێبکات".
بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا کۆمپانیایەکی فیلەندی لە ڕێگای وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمەوە کارەکانی تەواوکردوە و پاسی کارەبایی و سێ دەرگا کە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش دەتوانن بەکاری بهێنن دەهێنێدرێتە سلێمانی و ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێبکرێت پاسەکان لە شەقامی مەلیک مەحمود بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە کاردا دەبن.
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندن، لە ئێستادا هەزار و ٧٣٢ پاس لە ناو شاری سلێمانیدا کار دەکەن. ئەم پاسانە لە ٢١ هێڵی جیاوازدان ڕۆژانە هاوڵاتیان لە نێوان گەڕەک و ناوچە جیاوازەکانی شارەکەدا دەگوازنەوە، نزیکەی ١٥٠ پاس کە بۆ گواستنەوەی ناو شار بەکاردێن، مۆدێلیان خوار ساڵی ٢٠٠٠ـە، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ژینگە و ئاسانکاریی هاتوچۆ دروست کردووە.